ڤیدیۆ؛ گۆچانی پاشای تۆپی پێ و باشترین یاریزانی مێژوو رادەستی مێسی کرا

28-03-2023
ئیحسان تاهیر
کاتی پێشکێشکردنی گۆچانەکە
کاتی پێشکێشکردنی گۆچانەکە
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کۆنمیبۆل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور (کۆنمیبۆل)، لە پاراگوای رێزی لە لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی گرت، بە بۆنەی بردنەوەی جامی جیهانی و لە ئاهەنگێکی تایبەتدا پەیکەرێکی مێسییان پێشکێش بە لیۆ کرد. سەرۆکی کۆنمیبۆلیش گۆچانێکی دایە مێسی و پێیگوت "لیۆ، دەمەوێت گۆچانی پاشای تۆپی پێ و باشترین یاریزانی جیهانت پێشکەش بکەم".
 
لە بارەگای خۆی لە پاراگوای، کۆنمیبۆل رێزی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گرت وەک پاڵەوانی جیهان و ئەليخاندرۆ دۆمينیگێزی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، رایگەیاند "ئەرجەنتین جێگەی شانازی کیشوەرکەمانە". 
 
دوای ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، پەیکەری مێسی پێشکێشی لیۆ کرد، باشترین یاریزانی جیهان لەسەر ستەیجی هۆڵی ئاهەنگەکە، قسەی کرد و سەرەتا لەبارەی پەیکەرەکەیەوە بە پێکەنینەوە گوتی "زۆر لە من دەچێت، ستایلی قژی هەمان ساتیلی قژی منە".
 
مێسی دواتر گوتی "هەرگیز بیرم لەوە نەکردووەتەوە و خەونم بەو هەموو ئەمانەوە نەبینیوە".
 
سەبارەت بەو جامە جیهانییەی ئەليخاندرۆ دۆمينیگێز، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور پێیدا، لیۆ گوتی "ئەم جامە لە مۆزەخانەدا دەپارێزم. سوپاس بۆ ئەم رێزلێنانە و سوپاس بۆ هەموو کۆنمیبۆل".

 

باشترین یاریزانی جیهان، سوپاسی خوای کرد و گوتی "سوپاس بۆ خوا کە یارمەتیدەرم بوو بۆ ئەوەی هەموو ئەو دەستکەوتانە لە تۆپی پێدا بەدەستبهێنم، دەمەوێت سوپاسی هاوڕێکانیشم بکەم و ئێستا دەبێت چێژ لەوەی بەدەستمانهێناوە وەربگرین".
 
هەروەها لیۆ گوتی "سوپاس بۆ کۆنمیبۆل، بۆ ئەم شانازییە، ئێمە ساتێکی زۆر جوان و تایبەت دەژین، هەست و سۆزێکی زۆرمان پێدەگات لە زۆر شوێنی جیهان کە دڵخۆش بوون بە بردنەوەی مۆندیال لەلایەن ئێمەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "ساتەکانی زۆر خۆش دەژین و سۆز و خۆشەویستییەکی زۆر وەردەگرین. ئەنجامدانی ئەم کارە دوای پاڵەوان بوون زۆر تایبەتە. زۆر خۆشحاڵین بە هێنانەوەی جامەکە بۆ ئەمریکای باشوور".
 
هەروەها گوتیشی "پێموایە جگە لەو هەموو خۆشەویستییەی پێمان دەدرێت، درک بەوە ناکەین کە چیمان کردووە. بە یارمەتی خوای گەورە توانیم لە تۆپی پێدا هەموو شتێک بەدەست بهێنم".
 
مێسی زۆر سوپاسگوزاری هەموو لایەک بوو، جارێکی دیکە سوپاسی هەمووانی کرد و گوتی "سوپاس بۆ هاوڕێکانم، بۆ ستافی راهێنەرایەتی و تاپیا کە هەمیشە لەگەڵمان بوو، کاتێک پێویستمان پێیبوو لەوێ بوو بۆ هاوکاریکردنمان". 
 
کاپتنی تانگۆ، گوتیشی "ئەو ماوەیەی لەگەڵ تۆپی پێ ماومە، کە نازانم چەندە، بۆ چێژوەرگرتن دەبێت، چونکە ئەوەی دەمویست بەدەستمهێنا".
 
خاوەنی 7 باڵۆن دۆر، زیاتر گوتی "لە جیهاندا خەڵکێکی زۆر هەن کە دەیانویست من و ئێمەی ئەرجەنتینی ئەم جامە ببەینەوە، کە لە راستیدا ئەوەی هێنامانەوە بۆ هەموو ئەمریکای باشوورە و کارێکی زۆر تایبەتە".
 
سەرۆکی کۆنمیبۆل گۆچانی باشترینی مێژووی بە لیۆ دا
 
ئەليخاندرۆ دۆمينیگێز، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، دوای ئەوەی دانەیەک جامی جیهانی بە مێسی دا و پەیکەرەکەیشی پێشکێش کرد، بە مێسی گوت "چ خۆشییەکت پێبەخشیوین لیۆ. چەند خۆشە کە خەڵک دڵخۆش و یەکگرتووبن".
 
ئەلیخاندرۆ دۆمینگێز، ئینجا کاتێک 3 جامەکەی بە مێسی دا، جامی جیهان، کۆپا ئەمریکا و   فینالیسیما، پێیگوت "ئەمە نازناوەکانتن لیۆ، تەنیا لیبرتادۆرێست ماوە".
 
دواتر سەرۆکی کۆنمیبۆل، رێزی لە کلاودیۆ تاپیای سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتینیش گرت و رایگەیاند کە تاپیا دەبێتە جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور و لەبارەیەوە گوتی "تاپیا باشترین سەرۆکی تۆپی پێیە لە ئەمریکای باشوور".
 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە