سانتۆس: داوای لێبوردنی ناوبژیوان چ سوودێکی هەیە؟

28-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فێرناندۆ سانتۆس کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، ئاشکرایکرد کە دانی ماککێڵی هۆڵەندی، ناوبژیوانی یارییەکەی سربیا و پۆرتوگال داوای لێبوردنی لێکردووە بەهۆی هەژمارنەکردنی گۆڵی کوشندەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە چرکەکانی کۆتایی یارییەکەدا، کە لە بەلگراد بردنەوەی بە پۆرتوگال دەبەخشی.

لە گەڕی دووەمی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەردا، هەڵبژاردەی سربیا کە لە نیوەی یەکەمدا بە دوو گۆڵ لەدواوە بوو، لە نیوەی دووەمدا توانی دوو گۆڵ لە پۆرتوگال تۆماربکات، بەر لەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دواخولەکی زیادکراودا گۆڵی سێیەم بۆ پۆرتوگال بەدەستبێنێت، بەڵام ناوبژیوانی یارییەکە گۆڵەکەی هەژمارنەکرد، سەرەڕای ئەوەی تۆپەکە بە تەواوی هێڵی گۆڵی سربیای بڕیبوو. 

فێرناندۆ سانتۆس، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، گوتی "ناوبژیوان داوای لێبوردنی لێکردم کە گۆڵەکەی بۆ هەژمارنەکردن، رێزی زۆرم بۆی هەیە، بەڵام ئەوە چ سوودێکی هەیە". هەروەها گوتی "نابێت لە پێشبڕکێیەکی وادا ڤار نەبێت، یان لایەنی کەم دەبێت تەکنیکی هێڵی گۆڵ هەبێت".

لە بەردەوامی قسەکانیدا، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال گوتی "ئەوە دووەمجارە دوای یارییەکی پاڵاوتن هەست بە داخ و نائومێدی بکەم! پێموایە تۆپەکە بە نیو مەتر هێڵی گۆڵەکەی بەزاندبوو، و هیچ بەربەستێکیش لەنێوان گۆڵپارێز و هێڵدا نەبوو".

سانتۆس ئەوەشی گوت "گۆڵەکە زۆر روون بوو، ناوبژیوان داوای لێبوردنی لە من کرد، بەڵام ئەمە کێشەکە چارەسەر ناکات، هەرچۆنێک بێت قبوڵی دەکەین".

راهێنەری پۆرتوگالی رەتیکردەوە لێدوان لەسەر هەڵوێستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بدات، کاتێک نیشانەی کاپتنییەکەی فڕێدایە سەر زەوی و گوتی "نازانم چی روویدا، پێمگوترا کە کاردانەوەکەت کەمتربوو لە ئاسایی، بەڵام ئەوەی روویدا نائومێدییەکی سروشتییە بۆ ئەوانەی گۆڵی بردنەوە بۆ پۆرتوگال تۆماردەکەن و بۆیان هەژمارناکرێت، قسە لەسەر ئەو پرسە ناکەم".

پۆرتوگال بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ لە 2 یارییدا، پلەی دووەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی یەکەمی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەری گرتووە و هەڵبژاردەی سربیا بە هەمان خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە پێشەنگدایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە