لاپۆرتا لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی چاڤی دێتە دەنگ

28-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بۆ یەکەمین جار باس لە دەست لەکارکێشانەوەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکەی دەکات.
 
لە گەڕی 22ـی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا میوانداری ڤیاریالی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 5-3 پێدۆڕاند، بەو شێوەیە 10 خاڵ کەوتە دوای ریال مەدریدی رکابەری کە پێشەنگی خولەکەی گرتووە. هەر دوای یارییەکە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکە رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەست لە کار دەکێشێتەوە و یانەکە بەجێدەهێڵێت.
 
لەوبارەیەوە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "من دەستلەکارکێشانەوەکەی چاڤی قبوڵ دەکەم, چونکە ئەو ئەفسانەیەکی یانەکەیە، دڵنیام تاوەکو کۆتایی وەرزەکە زۆرترین هەوڵی خۆی دەدات لە پێناو یانەکەدا."
 
دواتر سەرۆکەکەی بارسا باس لە بەدەستهێنانی نازناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ دەکات و دەڵێت "بردنەوەی لالیگا قورسە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە دەستمان نەچووە، پێویستە تاوەکو کۆتایی هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوە بین و هیوای بردنەوەی نازناوەکە لەدەستنەدەین، بەڵام پێویستە ئەوەی هەمانە پێشکێشکی بکەین بۆ ئەوەی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنین. ئەگەر راهێنەر و یاریزانان هەموو هەڵی خۆیان بدەن، ئەوا هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین و دەتوانین هەندێک لە ئامانجەکانمان بەدەستبهێنین."
 
لاپۆرتا باس لەو دۆخە خراپە دەکات کە یانەکەی تێیکەوتووە و دەڵێت "لە رووی وەرزشییەوە، کارەکان بەو شێوەیە ناڕۆن کە پێشبینیمان دەکرد. ئێمە وەرزی رابردوو نازناوی لالیگا و جامی سوپەرمان بردەوە، دواتر چەند یاریزانێکمان گواستەوە و پێکهاتەکەمان بەهێزتر کرد، بەڵام لە ئاست چاوەڕوانییەکان نەبووینە و دەبێت بارودۆخەکە پێچەوانە بکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە