رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز یەکەم یاریی دوای گواستنەوەی بۆ هەولێر لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا و دوو خاڵی بەرامبەر یانەی شورتە لەدەستدا.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 13ـی خولی عێراق لە یاریگەی فرانسۆ هەریری رووبەڕووی یەکبوونەوە، سەرەتا کلاودیۆ ئۆلیڤێرای بەرازیلی ناسراو بە مارادۆنا گۆڵێکی بۆ یانەی نەورۆز تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست، بەڵام زۆری نەبرد عەلا عەبدولزەهرە بەلێدانی سەر ئەنجامەکەی بۆ شورتە یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا هەردوو یانە چەندجارێک خۆیان لە گۆڵی یەکدی نزیککردەوە، ئەحمەد فەرحان، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی بۆ یانەی شورتە تۆمارکرد، بەڵام نەورۆز خۆی بەدەستەوە نەدا و مارادۆنا گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ نەورۆز یەکسانکردەوە.
یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، نەورۆز لە یەکەم یارییدا لە یاریگەی فرانسۆ هەریری کەوتە داوی یەکسانبوون و دوو خاڵی لەدەستدا.
دوای ئەم یارییە نەورۆز یەکەمجارە لەم وەرزەی خولی عێراقدا یەکساندەبێت، لە 8 یارییدا دۆڕاوە و 4 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئێستا یانەکە خاوەنی 13 خاڵە و لە پلەی شازدەیەمە.
یانەی شورتە پێنجەم جارە لەم وەرزەدا یەکساندەبێت و لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکە بووە خاوەنی 23 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ