هەموو شتێک لەسەر تیروپشکی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر

27-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیروپشک پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوێنێ هەینی لە شاری زیورخی سویسری تیروپشک بۆ یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر راکێشرا، کە ئیتاڵیا و پۆرتوگال کەوتنە یەک ئاراستە و یەکێکیان ناتوانێت بەشداری لە مۆندیالدا بکات، کە براوەی نازناوی دوایین دوو یۆرۆن.
 
تیرپشکەکە 12 هەڵبژاردەی دابەشی سەر 3 ئاراستە کرد، کە لە هەر یەکێکیان هەڵبژاردەیەک بلیتی گەیشتن بە دەوحە وەردەگرێت، بەشێوەیەک کە لە هەر ئاراستەیەکدا کە لە 4 تیپ پێکدێت، دوو یاریی پێشکۆتایی دەکرێن و براوەکانی هەردوو یارییەکە یاری یەکلاکەرەوە لەسەر بلیتەکە دەکەن.
 
ئەنجامی تیروپشک بەمشێوەیە بوو:
 
ئاراستەی یەکەم: سکۆتلەندا، ئۆکراینا، وێڵز و نەمسا
 
سکۆتلەندا و ئۆکراینا بەرامبەر بە یەکدی یاری دەکەن و وێڵز و نەمساش رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، هەردوو براوەکە لەسەر یاریگەی براوەی یاریی نەمسا و وێڵز یارییەکی یەکلاکەرەوە دەکەن و براوە بلیتێکی مۆندیال وەردەگرێت.
 
ئاراستەی دووەم: رووسیا، پۆڵەندا، سوێد و چیک
 
رووسیا و پۆڵەندا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، سوێد و چیکیش یاری دووەم دەکەن و یاریی کۆتایی یان یەکلاکەرەوە لەسەر یاریگەی براوەی یاریی رووسیا و پۆڵەندا دەکرێت.
 
ئاراستەی سێیەم: ئیتاڵیا، مەسەدۆنیای باکوور، پۆرتوگال و تورکیا
 
ئیتاڵیا بەرامبەر مەسەدۆنیای باکوور و پۆرتوگالیش بەرامبەر تورکیا یاری دەکات و یاریی یەکلاکەرەوە لەسەر یاریگەی براوەی یاریی پۆرتوگال و تورکیا دەکرێت.
 
یارییەکانی پێشکۆتایی هەرسێ ئاراستەکە رۆژی 24 و 25ـی ئادار دەکرێن، یارییەکانی کۆتاییش رۆژی 28 و 29ـی هەمان مانگ دەکرێن.
 
ئیتاڵیا و پۆرتوگاڵ 
 
ئەوەی هەمووانی تووشی شۆککرد کەوتنی هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیای پاڵەوانی یۆیۆی 2020 و پۆرتوگالی پاڵيوانی یۆرۆی 2016 لە یەک ئاراستەدا، واتا یەکێکیان دەبێت لەسەر حسابی ئەوەی دیکە بگاتە مۆندیال و یەکێکیشیان بێبەش دەبێت لە مۆندیال.
 
هەردوو هەڵبژاردە، کە دوو لە باشترین هەڵبژاردەکانی ئێستای ئەوروپان، زۆر رێز لە یەکدی دەگرن و هەست بە قورسی ئەرکەکەیان دەکەن.
 
فێرناندۆ سانتۆسی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لەو بارەیەوە گوتی "دەبێت لە تورکیا ببەینەوە ئینجا باسی ئیتاڵیا بکەین، ئەگەر لە تورکیا ببەینەوە لەوانەیە رووبەڕووی مەسەدۆنیای باکوور ببینەوە".
 
رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری ئیتاڵیاش، بەهەمان شێوە ترسی خۆی نەشاردەوە و گوتی "ئەرکی ئێمە لە یارییەکانی پاشکۆدا زۆر زەحمەت دەبێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە