رووداو دیجیتاڵ
ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەی ناپۆلی، ئاشکرایکرد داوای لە یاریزانەکانی کردووە تەماشای ریزبەندی خولی ئیتاڵیا نەکەن و چاویان لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی خۆیان بێت.
تیپەکەی کۆنتی، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە رۆمای بردەوە کە رۆمیلۆ لوکاکۆ لە گێمی دووەمدا تۆماریکرد.
گۆڵەکەی لوکاکۆ بووە هۆکار بەدەستهێنانەوەی پێشەنگی خولی ئیتاڵیا لەلایەن ناپۆلییەوە بە 29 خاڵ و بەجیاوازیی خاڵێک، لەگەڵ هەریەکە لە ئینتەرمیلان، ئاتاڵانتا و فیۆرێنتینا.
کۆنتی لە دوای سەرکەوتن بەسەر رۆما گوتی، "پێش یارییەکە داوام لە یاریزانەکانم کرد تەماشای ریزبەندی خولەکە نەکەن، بەڵکو تەنیا چاویان لەسەر خۆیان و باشترکردنی ئەوەبێت کە لە یاریگەدا دەیکەین".
هەروەها گوتی، "دووپاتیدەکەمەوە کە ئێمە پێویستمان بەزنجیرەیەک هەنگاوی یەک بەدوای یەک هەیە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستمان لە یارییەکانی داهاتوودا".
کۆنتی هەروەها دەڵێ، "لە کۆی گشتیدا ماوەی 65 خولەک یارییکردنی تیپەکەمم بەدڵبوو. دەمانتوانی هەلەکان بقۆزینەوە و هەلی باشتر دروست بکەین و زیاتر پێشبکەوین، ئێمە رووبەڕووی رکابەرێکی بەهێز و ژمارەیەک یاریزانی زۆر باش بووینەوە".
کۆنتی هەروەها دەڵێ، "رۆما یەکەم یاریی خۆی لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەرێکی نوێدا ئەنجامدەدا، لەبەرئەوە یاریزانەکانی زۆر سووربوون لەسەر خۆسەلماندن، بەڵام ئێمە دەبوو مامەڵەیەکی باشتر لەگەؤڵ 15 تاوەکو 20 خولەکی کۆتایی یارییەکەدا بکەین".
ئانتۆنیۆ کۆنتی، هاوینی ئەمساڵ مەشقدانی یانەی ناپۆلی وەرگرت و تاوەکو ئێستا تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە ئیتاڵییەدا، ئاستێکی باش پێشکێشدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ