رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو ئاستەبەرزەی بەرامبەر لێگانیس پێشکەشی کرد و گۆڵیکی تۆمارکرد. گوتیشی "پەیوەندیم لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر زۆر باشە".
لە گەڕی 14ـی لالیگادا، ریال مەدرید بووە میوانی لێگانیس بەئەنجامی 3-0 لێیبردەوە.
کیلیان ئێمباپێ لەم وەرزەدا گۆڵی حەوتەمی خۆی لە خولەکەدا تۆمارکرد و 8 گۆڵ لەدوای رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنایە، کە بە تۆمارکردنی 15 گۆڵ گۆڵکاری تاوەکو ئیستای خولەکەیە.
ئێمباپێ دوای یارییەکە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ریال مەدرید رایگەیاند "هەمیشە هەوڵدەدەم سەرکەوتن بەدەستبهێنم، ئێمە بۆ ئەوە هاتبووین بۆ ئێرە، بەتایبەتی دوای یەکسانبوونی دوێنێی بارسێلۆنا".
ئاماژەی بەوەشکرد "پێموایە یارییەکی باشم ئەنجامداوە، لە پۆستێکی جیاوازدا (باڵی چەپ)، دەتوانم لە هەر پۆستێکدا یاری بکەم، تەنیا دەمەوێت یارمەتیدەربم و بەباشی یاری بکەم".
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەستێرەی فەرەنسی گوتی "لەوانەیە جارێکی دیکە لە پێگەیەکی جیاوازدا یاری بکەمەوە، من ئامادەم و ئەمە چیرۆکی ژیانی وەرزشیمە، من لە لای راست و چەپ و ناوەڕاست یاری دەکەم، گرنگی بەو شتە نادەم، دەمەوێت بەباشی یاری بکەم و یارمەتی تیپەکەم بدەم".
سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان گوتی "پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ڤینی، یەکێک لە باشترین یاریزانی ریال مەدرید هەیە، ئێمەش ئامادەین بۆ بردنەوە".
ئێمباپێ ئاماژەی بەوەشکرد، مەشقەکانی لە مەدرید لە کاتی پشووە نێودەوڵەتییەکاندا، دوای ئەوەی بۆ دووەمجار لەسەریەک بانگ نەکرا بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا، کارێکی باش بوو بۆی کە باری تەندروستی باش بێت.
ئەو روونیشیکردەوە "سەرم سوڕماوە، چونکە کوالێتی یاریزانانی کاستیام نەدەزانی".
ئاماژەی بەوەشکرد "بۆ من شتێکی باشە کە لەگەڵ یاریزانە گەنجەکان راهێنان بکەم، هەروەها لە تیپی کاستیا، زۆرێکیانم نەدەناسی، ئەوان کوالیتییەکی بەرزیان هەیە، من لە رووی جەستەییەوە زۆر باشم و ئامادەم یارمەتی تیپەکە بدەم".
هەروەها ئێمباپێ پەسنی فیدی ڤاڵڤێردی دا، کە بۆ یەکەمجارە لە دەستپێکی یارییەکەوە نیشانەی کاپتنی یانەی ریال مەدرید ببەستێت و لەو بارەیەوە گوتی "ئەو یاریزانێکی زۆر گرنگە، کاتێک خەڵک باسی یاریزانان دەکەن، باسی یاریزانەکانی دیکە دەکەن کە کەمێک زیاتر دەیبینین، بەڵام فیدی یاریزانێکی گرنگە، خەڵک زۆر باسی ناکەن، بەڵام ئەو بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چەندین نازناوی بەدەستهێناوە و هیوادارم بەردەوام بێت لەسەر ئەو ئاستەی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ