ڤیدیۆ؛ خانمانی هۆڵەندا یەکەمی بێ رکابەری تور دو فرانسن

27-07-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Jeff PACHOUD / AFP
Photo by Jeff PACHOUD / AFP
نیشانەکردن تور دو فرانسی خانمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

وادیارە خانمە پایسکیلسوارە هۆڵەندییەکان بڕیاریانداوە پاڵەوانە بێ رکابەرەکانی گەشتی ئەمساڵی تور دو فرانسی خانمان بن.
 
دوای ئەوەی لۆرینا فیپسی خانمی هۆڵەندی، پلەی یەکەمی گەڕی سێیەمی گەشتی نێودەوڵەتیی خانمانی تور دو فرانسی بەدەستهێنا، کە ماوەکەی سەد و چل و حەوت کیلۆمەتر بوو، ئەمجارەش هاونیشتیمانییەکەی یارا کاستن، پاڵەوانی گەڕی چوارەمی تۆر دو فرانسی خانمان بوو.
 
کاستن دوای رکابەرییەکی زۆر لە لایەن چەند خانمە پایسکیلسوارێکی دیکەوە، بە تایبەتی  دیمی ڤۆلێرینگی، کە ئەویش هۆڵەندییە، توانی بەسەرکەوتوویی و بە پلەی یەکەم هێڵی کۆتایی ببڕێت.
 
ماوەی پێشبڕکێیەکە سەد و حەفتا و حەوت کیلۆمەتر بوو، لە ناوچەی کاهۆرسەوە دەستیپێکرد و لە رۆدس کۆتاییهات.
 
ئەو خانمە هۆڵەندییە لە ماوەی چوار کاژێر و سی و هەشت خولەک و سی و نۆ چرکەدا توانی ماوەی پێشبڕکێکە تەواو بکات، کە درێژترین قۆناخە لەم گەشتەدا. 
 
پلەی دووەم و سێیەمی ئەم گەڕەش هەر بۆ هۆڵەندییەکان بوو، کە هەردوو خانمە پایسکیلسوار دیمی ڤۆلێرینگ و ئەنوشکا کۆستەر بوون.
 
بە کۆتاییهاتنی ئەم گەڕە، لۆتی کۆپکی، خانمە پایسکیلسواری بەلجیکی لە ریزبەندیی گشتیدا پێشەنگی خۆی پاراست. لە بەرامبەردا دیمی ڤۆلێرینگی هۆڵەندی، بەهۆی بەدەستهێنانی پلەی دووەمی ئەم گەڕەوە خۆی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەدنیی گشتی و توانی جیاوازی نێوان خۆی و کۆپکیی پێشەنگ بۆ چل و سێ چرکە کەم بکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە