رۆدری گاڵتە بە ڤینیسیۆس دەکات

دوێنێ کاژێر 02:01
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر رۆدری باڵۆن دۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆدری، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی و براوەی باڵۆن دۆر، باسی لە کاردانەوەکانی کرد لە دوای بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024 و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گەڵتەی بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر کرد و گوتیشی "ریال مەدرید ئازاری نەدام، بەڵام سەرم سوڕما لەو هەموو هاوارکردنەی بۆ ڤینیسیۆسیان کرد".
 
براوەی باڵۆن دۆر، لە هەڤپەیڤینیکدا لەگەڵ رادیۆی کۆپێ ئیسپانی، گوتی "هەستم بە هەندێک سەرسوڕمان کرد کاتێک نیوەی ئامادەبووان لە کاتی پێشکەشکردنی خەڵاتەکەدا هاواریان دەکرد، ڤینیسیۆس، ڤینیسیۆس.. هەرچۆنێک بێت لە هەر حاڵەتێکدا ئەوانەی ئامادەبوون رێزێکی زۆریان بۆ من نیشان دا، وەک هەموو کەسێک وەستان و چەپڵەیان بۆ لێدام".
 
سەبارەت بەئامادەنەبوونی ریال مەدرید لە رێوڕەسمەکەدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر نەبردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەلایەن ڤینیسیۆسەوە، رۆدری گوتی "ئامادەنەبوونیان ئازاری نەدام، ئەمە ساتی تایبەتی من بوو لەگەڵ خێزانەکەم، دواشتیش بیرم لێکردبێتەوە ئەو کەسانە بوون کە بەشداری ئاهەنگەکەیان نەکرد بەهۆی ئەوەی کە ڤینیسیۆس خەڵاتی باڵۆن دۆری نەبردووەتەوە".
 
ئەستێرەکەی مان سیتی، ئاماژەی بەوەشکرد "خەڵاتی باڵۆن دۆر بەهای بەردەوامی دەدات، ئەمەش قورسترین شتە لە تۆپی پێدا. من ئەو کەسە نیم کە بتوانم بڵێم شایەنی ئەم خەڵاتەم یان نا. لە ساڵی 2023 پێموابوو دەمتوانی بەهۆی وەرزە نایابەکەم لەگەڵ سیتی بەدەستیبێنم، بەڵام ئەمساڵ پێموایە ئاستێکی باشترم پێشکەش کرد".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، رۆدری گوتی "بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر دڵخۆشییەکی گەورەبوو بۆ خێزانەکەم و بۆ هەمووان، بردنەوەی ئەو خەڵاتە کەمێک ژیانت دەگۆڕێت، ئەمە ساتێکی یەکلاکەرەوەیە، زۆر کەس پیرۆزبایییان لێکردم، بەڵام ئینێستا ئەو کەسە بوو کە زۆرترین دڵخۆشی پێبەخشیم. ئەو شایەنی ئەوەبوو خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستبهێنێت، چونکە باشترین یاریزانە لە مێژووی وڵاتەکەماندا".
 
ئەو یاریزانەی مانچێستەر یونایتد، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "ئەگەر مافی ئەوەم هەبووایە دەنگ بۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر بدەم، کارڤاخالم لە پلەی دووەم و ڤینیسیۆس لە پلەی سێیەم هەڵدەبژارد".
 
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا هیچ پیرۆزبایییەکی لە یانەی ریال مەدرید وەرگرتووە، رۆدری لە وەڵامدا گوتی "هەندێک یاریزانی پێشووی یانەکە، وەک ناچۆ و خۆسێلۆ کە لەگەڵیاندا یاریم کردووە، پیرۆزبایییان لێکردم، بەلامەوە گرنگ نەبوو کە، ڤینیسیۆس پیرۆزبایی لێنەکردم. من گرنگی بە خێزانەکەم دەدەم، خێزانەکەم و یانەکەم. ئەوەی ریال مەدرید کردی نەمدەکرد بە بەشدارینەکردن لە ئاهەنگەکەدا، بەڵام پێویست ناکات زیاتر باسی ئەو پرسە بکەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە