ناوبژیوانی فایناڵی مۆندیالی 1990 هێشتا جنێوەکانی مارادۆنای لەبیرنەکردووە

27-04-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یاری کۆتایی مۆندیالی 1990
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەو ناوبژیوانە مەکسیکییەی یاری کۆتایی مۆندیالی 1990ی لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئەڵمانیا بەڕێوەبرد، نهێنییەکی ئەو رۆژەی دیێگۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین ئاشکرا دەکات و دەڵێت "مارادۆنا خراپترین کەسە لە ژیانی خۆمدا بینیمبێت".

دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر یاری کۆتایی مۆندیالی 1990دا، کە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئەڵمانیا، کە لەسەر یاریگەی ئۆڵمپیکۆ بەڕێوەچوو، ئەڵمانییەکان بە تاکە گۆڵێک یارییەکە و جامی جیهانیان بردەوە، ئیدگاردۆ کۆدێسالی ناوبژیوانی مەکسیکی، کە ئەو یارییەی بەڕێوەبرد، هێشتا جنێوەکانی ئەو شەوەی مارادۆنای لەبیرنەکردووە.

ئیدگاردۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا، گوتی "ئەوکات ئەگەر یاسام وەک خۆی جێبەجێکردبا پێویست بوو مارادۆنا بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە بە کارتی سوور دەربکەم، بەهۆی ئەو هەموو جنێو و قسە ناشیرینانەی لە هەموو شوێنێکی یاریگەدا دەیکردن".

ئەو ناوبژیونە مەکسکییە، هەروەها دەڵێت "زۆر هەوڵمدا ئارامی بکەمەوە و پێمگوت کە ئەو یارییە چەند گرنگ و بە بەهایە، بەڵام ئەو لە من تێنەدەگەیشت".

ئیدگاردۆ زیاتر گوتی "کاتێک مۆنزۆنم بە کارتی سوور دەرکرد، مارادۆنا هات و هاواری بەسەردا کردم، پێیگوتم ئەوە دزییەکە لە فیفاوە، دەبووایە ئەوکاتیش دەری بکەم، بەڵام بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو مارادۆنایە، باشترین یاریزانی جیهان، بەڵام بەداخەوە کە ئەو وەک مرۆڤ خراپترین کەسە بینیمبێت".

سەرەڕای قسەکانی ئیدگاردۆ کۆدێسال، ئەوکات ئەو ناوبژیوانە بەوە تۆمەتبارکرا کە بووە هۆکاری دۆڕنی ئەرجەنتین لەو یارییەدا، بەهۆی ئەوەی لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا لێدانێکی سزای گوماناوی بۆ ئەڵمانیا گرت و بەهۆیەوە ئەرجەنتینیەکان بە گۆڵێک یارییەکە و نازناوی جیهانیان لەدەستدا، کە دوای یارییەکە فرمێسکەکانی مارادۆنا زۆرترین دەنگدانەوەیان لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا هەبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە