کاپتن ئێمباپێ هەڕەشە لە ئێرلەندا دەکات و کومان دەڵێ هەڵەکەمان راستدەکەینەوە

27-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرەنسییەکان، کە پێیانوایە لە دوای شکستی مۆندیالی قەتەرەوە لە یاری کۆتاییدا دەبێ خۆیان بۆ سەردەمێکی نوێ ئامادە بکەن و لی بلوو بە بەرگێکی نوێوە لەگەڵ راهێنەرێکی کۆندا ببینن، دەیانەوێت بەرلەوەی ئەرکە نێودەوڵەتییەکەی ئەمشەو کۆتایی بێت، وەک گەورەی کۆمەڵەکەیان لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی داهاتوو بمێننەوە و خاوەنی شەش خاڵ بن.
 
فەرەنسا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، بەرامبەر ئێرلەندا یاریدەکات.. هەڵبژاردەیەک لە بۆنە فەرمییەکاندا ساڵانێکی یەکجار زۆرە کاتێک بەرامبەر فەرەنسا یاری کردبێت، سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە.. دوا سەرکەوتنی ئێرلەندا بەسەر فەرەنسادا لە پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی بوو لە ساڵی 1981 و لەوکاتەوە ئێرلەندییەکان باشترین ئەنجامیان بەرامبەر فەرەنسا تەنیا یەکسانبوون بووە.
 
ئەو مێژووەی فەرەنسییەکان بەرامبەر ئێرلەندا هەیانە و ئەو پێگە و هێزەی ئێستا فەرەنسا لە دونیای تۆپی پێدا هەیەتی، لەگەڵ ئەو پاڵنەرە گەورەیەی هەڵبژاردەکە لە یاری یەکەمی پاڵاوتنەکاندا بەدەستی هێنا، پاشئەوەی هۆڵەندای لە ماوەی چەند خولەکێکی کەمی سەرەتای یاریدا تووشی شۆککرد و دواتریش بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لێی بردەوە، هەموویان ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە فەرەنسییەکان ئەمشەو بێسەرئێشە و بەدڵخۆشییەوە یاریگە بەجێدەهێڵن.
 
ئێرلەندا یەکەم یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆدا ئەنجامدەدات و بۆی گرنگە دەرکەوتن و سەرەتایەکی باشی لە کاروانێکی درێژدا هەبێت بەرەو ئەو پاڵەوانێتییەی هاوینی داهاتوو ئەڵمانیا میوانداریی دەکات، بەتایبەت کە گۆڕینی سیستم و ژمارەی هەڵبژاردە سەرکەوتووەکان بۆ یۆرۆ، هەلی زیاتر بە هەڵبژاردەکان دەدات بۆ خۆ بینینەوە لە یۆرۆی داهاتوودا.
 
لەگەڵ فەرەنسییەکاندا، هۆڵەنداش یاریی دووەمی خۆی لە هەفتەی پاڵاوتنەکاندا ئەنجامدەدات.. هۆڵەندا ئەمجارە لە نێو یاریگەی خۆیدا دەبێت و میوانداریی گیبرالتار دەکات لە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان. گیبرالتار لە رووی مێژووەوە یەکێکە لەو هەڵبژاردانەی هەموو کات هۆکارە بۆ خۆراستکردنەوەی گەورەکان، پاش شکستیان بەرامبەر بە گەورەیەکی دیکەی کیشوەرەکە.
 
هۆڵەندا لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر فەرەنسا گەرچی لە تواناکانی ژمارەیەک ئەستێرەی دیاری بێبەشبوو، بەڵام شکستە لەناکاو و گەورەکەی بەرامبەر فەرەنسا، هیچ بیانوویەکی بۆ نەهێنرایەوە و هاندەرەکانی خۆشحاڵ نین بەو ئەنجامە خراپە، لەسەرەتای کاروانی پاڵاوتن و لەگەڵ راهێنەرێکدا، کە جارێکی دیکە هاتووە و مووژدەی ئەوەی داوە کە هۆڵەندا دەچێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکان.
 
رۆناڵد کومانی راهێنەری هەڵبژاردەکە بەڵێنی گۆڕینی ئاست و ئەنجامی لە یارییەکەی ئەمشەودا داوە. ئەو راهێنەرە تەنانەت ناچارە شێوازی یاریکردنی تیپەکەشی بگۆڕێت، چونکە وەک خۆی گوتوویەتی پێویستی بە زۆرترین هەلی هێرشبەریی هەیە بەرامبەر تیپێک کە بە زۆرترین ژمارەی یاریزانەوە بەرگری دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە