رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئادریانا لیمای نمایشکاری جلوبەرگی بەرازیلی و ئەکتەر و خانمە بزنسمانی بە باڵیۆزی جیهانیی فیفا بۆ هاندەران دەستنیشانکردووە.
لیما، بە سیمبولی سەرکەوتن و نمایشی جلوبەرگ لە جیهان دادەنرێت، یەکێکە لە سەرکەوتووترین خانمەن نمایشکارەکانی جلوبەرگ لە مێژووی نمایشی جلوبەرگی خانماندا.
فیفا لە ماڵپەری خۆی بڵاویکردەوە، کە ئادریانا لیما، ئەو رۆڵە وەردەگرێت و کاردەکات بۆ گەشەپێدان و پتەوکردن و بەشداری لە چەندین دەستپێشخەریی جیهانیدا کە لەسەرانسەری جیهاندا، هاندەران بەشداریی تێدا دەکەن.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لەبارەی رووداوەکەوە گوتوویەتی، "کاتێک چاوت بە ئادریانا دەکەوێت، دەستبەجێ هەست بە نەرمونیانی و رادەی خۆشەویستی و پەیوەستبوونی ئەو بە تۆپی پێوە دەکەیت، ئەو لەپێناو تۆپی پێدا دەژی، هەر ئەوەش وایکرد کە ئەو باشترین بێت بۆ دروستکردنی بازنەی پەیوەندی نایاب لە نێوان فیفا و هاندەران لە سەرانسەری جیهاندا".
لای خۆیەوە، ئادریانا، گوتوویەتی "بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە من لە ماڵباتێکی خاکەڕاو هەژارەوە هاتووم و لە بنەمادا خۆم هاندەری تۆپی پێم، پێزانینی زۆرم هەیە و سەربەرزم بەوەی کە فیفا منی بۆ ئەو کارە دەستنیشانکردووە و منی کردووەتە یەکەم باڵیۆزی هاندەران.. ئەو ئەرکە وەردەگرم لەپێناو هاوکاریکردنی هاندەران بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە تۆپی پێ".
ئادریانا لیما، ئەمشەو لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی 'زە بێست' لە پاریس بەشداریی دەکات و خەڵاتی 'زە بێست'ی باشترین هاندەران، کە فیفا لە رێوڕەسمەکەدا دابەشی دەکات، لەلایەن ئادریاناوە دەدرێتە براوەی خەڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ