کامیرۆن پیلانێکی هەیە بۆ بردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا؟

27-01-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ساموێل ئیتۆ جامی نەتەوەکانی ئەفریقا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هێشتا گومان لەوە دەکرێت، کامیرۆن پیلانێکی دانابێت بۆ دەرکردنی هەڵبژاردەی دوورگەکانی قەمەر لە قۆناخی 16ـی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، کە لە کامیرۆن بەڕێوەدەچێت. تەنانەت دەگوترێت کامیرۆن هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی رێگەکەی بەرەو یاریی کۆتایی و بردنەوەی نازناوەکە ئاسان بکات.
 
لە یاریی کامیرۆن و دوورگەکانی قەمەردا 13 یاریزان و راهێنەری دوورگەکانی قەمەر نەیانتوانی ئامادەبن، بەهۆی ئەوەی کە ئەنجامی پشکنینەکان دەریانخست کە تووشی کۆرۆنا بوونە، تەنانەت گۆڵپارێزانی دووەم و سێیەم عەلی ئەحمەدا و موئەیەد ئۆسینی لەنێویاندا بوون و لەبەرئەوەی سالم بن بۆنیای گۆڵپارێزی سەرەکیش تووشی پێکان بووبوو، شاکر هەدهۆر، کە بەرگریكاری باڵی چەپی ھەڵبژاردەی دوورگەكانی قەمەر و یانەی ئەجاکسیۆی خولی پلە دووی فەرەنسایە، بە ناچاری بووە گۆڵپارێز.
 
بەر لە یارییەکە گومان لە ئەنجامی پشکنینی یاریزانەکانی دوورگەکانی قەمەر هەبوون و دوای یارییەکەش گومانەکان زیاتر بوون، کامیرۆنییەکان و بەتایبەتیش ساموێل ئیتۆی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆن بەوە تۆمەتبارکران کە یارییان بە ئەنجامی پشکنینەکان کردووە، بۆ ئەوەی تیپی رکابەریان لە تواناکانی زۆرترین یاریزانی بێبەش بێت و رێگە لە بەردەم کامیرۆندا ئاسان ببێت بگاتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
ساموێل ئیتۆ هەر زوو هاتە سەر هێڵ و بە توندی رەتیکردەوە پیلانێکی لەو شێوەیە لە ئارادابێت و گوتی "درۆیە کە دەگوترێت لیژنەی پشکنینی کۆرۆنا سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆنە، بەڵکو 100٪ سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقایە".
 
ئیتۆ داوای کرد رێز لە وڵاتەکەی بگرن و گوتی "رێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکران، تونس 7 حاڵەتی تووشبوونی هەبوو و بەرامبەر نەیجیریا یارییان نەکرد، خۆ یارییەکەی بەرامبەر نەیجیریا نەبوو، مەغریبیش بەو هۆکارەوە لە چەند یاریزانێکی بێبەشبوو".
 
بەپێی یاساکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، هەر تیپێک 11 یاریزانی لەبەردەستبێت، پێویستە یارییەکەی بکات و ئەگەر هیچ گۆڵپارێزێکیشی لەبەردەست نەبێت، پێویستە یاریزانێک رۆڵی گۆڵپارێز بگێڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە