ئەنچێلۆتی هۆشدارییەکی تووند دەداتە یاریزانەکانی

26-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هۆشدارییەکی تووند دەداتە یاریزانەکانی، بەتایبەتیش کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر.
 
دوای ئەوەی ریال مەدرید لە گەری دووەمی لالیگادا، بەئەنجامی 3-0 لە ڤایادۆلیدی بردەوە، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئیتاڵیی یانەی ریال مەدرید، دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوەکە نیشاندا، بەڵام هۆشدارییەکی دایە یاریزانەکانیشی، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئێمباپێ و ڤینیسیۆس بوو، ئەو دوو ئەستێرەیەی لە دوایین خولەکەکاندا ئەنچێلۆتی گۆڕانکاری پێکردن.
 
ئەنچیلۆتی راشکاوانە، گوتی "هەر یاریزانێک هەست بە ماندووبوون بکات پێویستە دەستی بەرزبکاتەوە، بەڵام ئەمە لە ماوەی 40 ساڵی ژیانی وەرزشیمدا هەرگیز رووی نەداوە، پێویستە یاریزانەکان زیاتر هەست بە بەرپرسیارتی بکەن لەم رووەوە، چونکە من زۆر بژاردەم لەبەردەستدایە، بۆیە لێرە دەیڵێمەوە، چونکە پێشتر هۆشداریم پێداون". 
 
راهێنەری مێرینگێ، ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە سەرکەوتین و پێویستە دڵخۆش بین. لە گێمی یەکەمدا رووبەڕووی ئاستەنگ بووینەوە، لە جوڵاندنی تۆپیشدا خاو بووین، بەڵام لە گێمی دووەمدا چالاکتربووین بەجوڵە و خێرایی زیاتر لەگەڵ تۆپەکەدا. لە رووی بەرگرییەوە بەبەراورد بە یارییەکەی مایۆرکا، ئەمەش بەهۆی کاری پێکەوەییەوە بوو نەک تەنیا هێرشبەران".
 
سەبارەت بە کیلیان ئێمباپێ، کە دوو یاریییە نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک و ئەسیستێک بکات، کارلیتۆ گوتی "ئێمە سزای ئێمباپێ نادەین کاتێک لە پۆستی هێرشبەری سەرەڕم یاری پێدەکەین، ئەو هێرشبەرێکی گەورە و خێرایە، بەبێ تۆپ و لە کاتی بوونی بۆشاییەکاندا بەشێوەیەکی نایاب دەجوڵێت. لەم یارییەدا سێ چوار هەلی هەبوو. ئەو وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە گۆڵکردن، بەبێ گوێدانە ئەو پۆستەی کە تێیدا یاری دەکات".
 
سەبارەت بە ئێندریکیش گوتی "ئێندریک لە ئاستێکی زۆر باشدا دەردەکەوێت و توانایەکی زۆری هەیە لە گۆڵکردن. بەخێرایی تۆپەکە کۆنتڕۆڵ دەکات و لێدانەکانی زۆر بەهێز و مەترسیدارن".
 
ئەنچێلۆتی لە کۆتاییدا باسی لە ئاردا گولەر کرد و گوتی "گولەر لە گەشەکردندایە و ئەم یارییە دەرفەتێکی باش بوو بۆی، پێویستە چەند خولەکێک بدەین بە هەمووان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە گەشەکردن و خۆگونجاندن بەباشی لەگەڵ تیپەکەدا. هەموو یارییەکان دەرفەتێکی باشن بۆ ئەوانەی خولەکی کەمتریان دەست دەکەوێت".
 
بەم سەرکەوتنە ریال مەدرید گەیشتە پلەی چوارەمی ریزبەندیی لالیگا، بە کۆکردنەوەی 4 خاڵ، لە بەرامبەردا ڤایادۆلید بە 3 خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە