کارلۆ ئەنچێلۆتی خاڵی لاوازی ریال مەدریدی دۆزییەوە

04-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەو دۆڕاندنەی یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگای خۆیدا بەرامبەر بارسێلۆنای رکابەرەکەی بەئەنجامی 0-4 تووشی بوو، کاردانەوەی بەرفراوانی لەنێو ماڵی یانە زەبەلاحەکەی مەدریددا بەدوای خۆیدا هێنا.
 
یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ڤالێنسیا لە گەڕی دوانزدەی خولی ئیسپانیا بەهۆی ئەو لافاوەوە دواخرا کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە، بۆیە یانەکەی مەدرید دوای دۆڕانی کلاسیکۆی لالیگا توانی هەناسەیەک بدات و دەرفەتێکیش بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەر رەخسا بەدواداچوون بۆ خاڵە لاوازەکانی تیپەکەی و هۆکارەکانی شکستە گەورەکەیان لە یاریی کلاسیکۆدا بکات.
 
ریال مەدرید ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سبەی سێشەممە لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی میلانی ئیتاڵی ببێتەوە لەنێو یاریگای خۆیدا.
 
رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانی، لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، ئەنچێلۆتی پێداچوونەوەی بە یارییەکەی ئیلکلاسیکۆدا کردووە بۆ دەستنیشانکردنی هەندێک لە هەڵە و خاڵە لاوازەکانی تیپەکەی، کە بوونەتە هۆی ئەو شکستە قورسەی تیپەکەی لە یاریگای خۆیدا.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنچێلۆتی لاوازییەکی روون و ئاشکرای لە ریال مەدریددا دۆزیوەتەوە کە لەوانەیە بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە سەرسوڕهێنەر بێت، ئەویش کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی نوێی یانەکەیە، کە لە دوایین گواستنەوەی هاوینەدا پەیوەندی بە تیپەکەیەوە کرد، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
کیلیان ئێمباپێ لە یەکەم کلاسیکۆدا ئاستێکی خراپی پێشکەشکرد، دوای ئەوەی 8 جار کەوتە نێو تەڵەی ئۆفسایدەوە، لەنێویاندا دوو هێڕش کە دوو گۆڵی لێیانەوە تۆمارکران و رەتکرانەوە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی چاودێری رێژەی راکردنی ئێمباپێی کرد لە یارییەکەی ئیلکلاسیکۆدا، کە ئەو یاریزانە لە تەواوی یارییەکەدا تەنیا 8 کیلۆمەتر رایکردووە، ئەمەش رێژەیەکی لاوازە بەبەراورد بەیاریزانانی بارسێلۆنا. 
 
ئەمە جگە لەوەی بوونی ئێمباپێ لە سەرکردایەتیکردنی هێرشی مەدریدیشدا بووە هۆی نەمانی ئەو رۆڵە کاریگەرەی کە هەمیشە جود بێلینگهام لەپێشەوە دەیبینی، کە یەکێکە لە ئەستێرەکانی وەرزی رابردوو، هەرچەندە لەم وەرزەدا هەوڵێکی جەستەیی زۆر دەدات، بەڵام بێکاریگەرە بەرامبەر رکابەرەکانی و تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا هیچ گۆڵی نەکردووە.
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە دواتر چاودێری ئاستی گوشارەکانی ئێمباپێ لەسەر بەرگری یانەی رکابەر کرد، و دابەزینێکی بەرچاوی دۆزییەوە لەو رووەوە، تا ئەو راددەیەی کە یەکێک بوو لە لاوازترین یاریزانەکانی تیپەکە لە گوشار خستنە سەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو لە لالیگادا.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنچێلۆتی بیر لە دەستکاریکردنی تاکتیکی دەکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی کێشە دیارەکانی ئێمباپێ، بەتایبەتی بە ئاڵوگۆڕکردنی رۆڵەکانی نێوان ئەو و ڤینیسیۆس جونیۆر، لەگەڵ ئازادکردنی بێلینگهام بۆ ئەوەی هەنگاو بنێتە پێشەوە و رۆڵی هێرشبەری سەرەڕم بگێڕێت، وەک ئەوەی وەرزی رابردوو روویداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە