رووداو هەولێر
شوان مامۆ ئەستێرەی ناسراوی یانەی هەولێر دوای ساڵانێکی زۆر لە یاریکردن و بردنەوەی ژمارەیەک نازناو لە خولی کوردستان و نایابی عێراق وازهێنانی خۆی لە یاریکردن راگەیاند.
دەستەی کارگێری یانەی هەولێر وەک وەفایەک بۆ شوان مامۆ بڕیارییان دا کە ئەم ئەستێرەیە بکەنە بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی بەشدار لە خولی نایابی عێراق، بەهۆی ئەو ئەزموونە زۆرەی کە هەیەتی، شوان مامۆ بەم بڕیارە خۆشحاڵە و بەڵێنی داوە کە هاوشێوەی ژیانی یاریزانی هەمو هەوڵێکی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە بۆ تیپەکە.
مامۆ درێسی ژمارە 18ی یانەی هەولێری دەپۆشی و ئاستبەرزی وایکردووە هەواڵی وازهێنانی دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو میدیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت، هەروەها لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هاندەرانی یانەی هەولێر هەڵمەتێکی گەورەیان بە دانانی وێنەی ئەستێرەکەیان دەستپێکردووە.
بڕیارە یانەی هەولێر وەک رێزێک لە ماندووبوونی شوان مامۆ یارییەک بۆ ماڵئاوایکردنی ئەم یاریزانە رێکبخەن و خەڵاتی بکەن.
شوان مامۆ جیا لە یانەی هەولێر یاری بۆ یانەکانی زێرەڤانی و پێشمەرگەی هەولێر لە خولی نایابی کوردستان کردووە، یاریزانی هەڵبژاردەی کوردستان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ