قۆناخی یەکلاکەرەوەی یۆرۆ بە دوو یاریی ئاگرین دەستپێدەکات

26-06-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆ 2020
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی درێژەدان بە ریکۆردەکان باشەکانی و هەنگاونان بەرەو قۆناخی داهاتووی یۆرۆی 2020، هەڵبژاردەی ئیتالیا لە دەستپێکی قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا یارییدەکات.

یارییەکە کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی وێمبڵی لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، ئازووری دوای ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا هەموو یارییەکانی بردەوە و هیچ گۆڵێکی لێنەکرا، بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت درێژە بەبردنەوەکانی بدات.

جۆرجیۆ کیلینی بەهۆی پێکانەوە و ئەلیساندرۆ فلۆرێنزیش بەهەمان هۆکارەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.

لە ساڵی 2008ـەوە ئەمە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەیە و لە مێژووشدا لە کۆی 38 یاریی نێوانیاندا، ئیتالیا 17 یاریی بردووەتەوە و 13 یاری لە بەرژەوەندی نەمسا کۆتاییهاتووە و 8 جاریش هەردوو هەڵبژاردە یەکسانبوون.

ئیتالیا لە 30 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە 11 یاریی رابردوودا هەموو یارییەکانی لەسەریەک بردووەتەوە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری ئیتالیا دەڵێت " یاریگەی وێمبڵی بۆ ئێمە زۆر تایبەتە، هەلێکی زۆرباشە کە یاریزانەکان لەم یاریگەیە یاریی بکەن، هیوادارم لە چوار یاریی داهاتووشدا وەک یارییەکانی رابردوو یاریی بکەین ".

لەلایەن خۆیەوە فرانکۆ فۆدا، راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا لەبارەی یارییەکەوە گوتی " هەڵبژاردەی ئیتالیا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، لە یاریی سێیەمدا هەرچەندە گۆڕانکاریی زۆریان کردبوو، کەچی شوێنپەنجەی خۆیان بەسەر یارییەکەوە هەبوو، بۆیە قورسە بڵێم رێژەی سەرکەوتنی ئێمە چەندە، دەتوانین شتێکی باش بکەین ئەگەر رێژەی سەرکەوتنیشمان 10٪ بێت.

دانیمارک و وێڵز

بەر لە یاریی ئیتالیا و نەمسا، لە یەکەم یاریی قۆناخی شازدەی یۆرۆدا، هەردوو هەڵبژاردەی وێڵز و دانیمارک رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

یارییەکە کاژێر 19:00 لەسەر یاریگەی یۆهان کرۆیف ئارێنا، لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا دەکرێت، هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە دووەمی کۆمەڵەکانیان سەرکەوتن و چاویان لەوەیە یەکەم هەڵبژاردەیە قۆناخی 8 بن.

بەهۆی نزیکیی ئاستیان لە یەکدییەوە چاوەڕێی رکابەرییەکی بەهێزی نێوان هەردوو هەڵبژاردە دەکرێت.

کاسپەر هیولماند، راهێنەری هەڵبژاردەی دانیمارک دەڵێت " بەڕێوەچوونی یارییەکە بۆ ئێمە لە ئەمستردام تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە، بەوپێیەی پەیوەندییەکی زۆرباش لەنێوان ئێمە ئەمستردام، یان باشتر بڵێم ئێمە و هۆڵەندا هەیە، بۆیە لەپێناو وڵاتی دووەمی کریستیان ئێریکسن یارییدەکەین، کە جگە لەو چەندین یاریزانی دانیمارک لێرە یارییانکردووە ".

دانیمارک پێشتر دووجار لە یۆرۆدا لە وێڵزی بردووەتەوە، بەڵام راهێنەری هەڵبژاردەکە دەڵێت " ئەم ئەنجامانە هیچ مانایەکیان نییە و ئەمە رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێیە ".

لەلایەن خۆیەوە رۆب پەیج، راهێنەری هەڵبژاردەی وێڵز گوتی " تا ئەو رادەیەی دەکرێت بە پەرۆشین، هەموومان ئاواتەخوازین و دەمانەوێت تاوەکو ئەو شوێنەی دەکرێت بڕۆین.

هەردوو هەڵبژاردەی وێڵز و دانیمارک پێشتر لە 10 بۆنەی جیاوازدا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، هیچ یارییەکیان بەیەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە، دانیمارک لە 6 یارییدا بردنەوەی تۆمارکردووە و 4 یاری لە بەرژەوەندی وێڵز کۆتاییهاتووە، لە دوایین 2 یارییشدا دانیمارک هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە