سێریا ئەی.. ئەمشەو دوو یاریی ئاگرین بەڕێوەدەچن

26-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناپۆلی میلان لازیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ دوایین دوو یاریی گەڕی 33ـی سێریا ئەی بەڕێوەدەچن، کە هەردوو یاری بەهێز و گرنگن بۆ دیاریکردنی شوێنی یانەکان لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی.

یاریی یەکەم لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ دی تۆرینۆ دەبێت، کاتێک یانەی تۆرینۆ کاژێر 19:30 بەکاتی باشووری کوردستان میوانداری یانەی ناپۆلی دەکات.

تۆرینۆ کە بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ لە پلەی 16ـی ریزبەندییدایە، تەنیا بەجیاوزی گۆڵ لە دەرەوەی ناوچەی مەترسیدایە، بۆیە دەبێت هەموو کۆششێک بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بەرامبەر بە ناپۆلی و درێژەدان بەو ئاستەبەرزەی بەمدواییە پێشکەشی دەکات، کە لە دوایین 4 یارییدا نەدۆڕاوە، دووانی بردووەتەوە و لە دووانیشدا یەکسان بووە.

ئەم یارییە بۆ ناپۆلیش لەو پەڕی گرنگیدایە، چونکە خاوەنی 63 خاڵە لە پلەی پێنجەم و بە بردنەوەی ئەم یارییە دەچێتەوە پلەی سێیەمی ریزبەندیی، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئاست و ئەنجامی دوو یاریی رابردووی دەتوانین بڵێین کوڕانی گاتوسۆ لە توانایاندایە لە تۆرینۆوە بە 3 خاڵەوە بگەڕێنەوە، کە لەگەڵ ئینتەرمیلانی پێشەنگی سێریا ئەی یەکسانبوون، بە ئەنجامێکی گەورەش لە لازیۆیان بردەوە.

یاریی دووەم کاژێر 21:45 بەڕێوەدەچێت و میلان دەبێتە میوانی لازیۆ.

میلان گەڕاوەتە پلەی چوارەمی ریزبەندیی و بە 3 خاڵی ئەم یارییە دەگەڕێتەوە پلەی دووەم، بەڵام ئەگەر بدۆڕێت ئەگەری هەیە بگەڕێتەوە پلەی پێنجەم، ئەگەر بەر لەو یارییە ناپۆلی یارییەکەی بباتەوە، تەنانەت مەترسی لەدەستدانی پلەی پێنجەمیش دێتە ئاراوە، چونکە لازیۆ بە 58 خاڵ و بە یارییەک کەمتر لە پلەی شەشەمدایە.

میلان جارێکی دیکە ناتوانێت سوود لە تواناکانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ وەربگرێت، بەو پێیەی هێشتا لە پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە و پزیشکان رێگەیان پێنەداوە یاری بکات.

ئەم دوو یانەیە 155 جار لە خولی ئیتالیادا بەرامبەر بە یەکدی یارییان کردووە و میلانییەکان 67 یارییان بردووەتەوە بەرامبەر بە 29 سەرکەوتن بۆ لازیۆ، 59 جاریش یەکسانبوونە.


یارییەکانی ئەمڕۆ:

تۆرینۆ - ناپۆلی 19:30
لازیۆ - میلان 21:45

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە