تیروپشکی چامپیۆنزلیگ.. وەرزی نوێ بە یاریی لووتکە و بەهێز دەستپێدەکات

25-08-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای 2022-2023 رادەکێشرێت و چاوەڕواندەکرێت لە سەرەتای وەرزی نوێدا رووبەڕووبوونەوەی بەهێز ببینرێن.
 
رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ و دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپا لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا بەڕێوەدەچێت و کاژێر 19:00 دەستپێدەکات، 32 یانەی بەشدار لە چامپیۆنزلیگدا بەسەر 8 کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن، بۆ هەر کۆمەڵەیەک 4 یانە و یانە بەشدارەکان بەسەر چوار ئاستدا دابەشکراون.
 
ئاستی یانە بەشدارەکانی چامپیۆنزلیگ بەمشێوەیەیە
 
ئاستی یەکەم
 
ریال مەدرید - ئاینتراخت فرانکفۆرت، مانچێستەر سیتی، ئەیسی میلان، بایرن میونشن، پاریس سانجێرمان، ئایاکس، پۆرتۆ
 
ئاستی دووەم
 
لیڤەرپوول - چێڵسی، بارسێلۆنا، یوڤێنتوس، ئاتلێتیکۆ مەدرید، سێڤییا، لایپزیگ، تۆتێنهام
 
ئاستی سێیەم
 
بۆرووسیا دۆرتموند - رێدبوڵ سالزبۆرگ، شاختار دۆنێتسک - ئینتەرمیلان - بێنفیکا - ناپۆلی - سپۆرتینگ لیشبۆنە - بایرن لیڤەرکوزن
 
ئاستی چوارەم
 
مارسیلیا - کلەب برووج - سێلتیک - بێنفیکا - ماکابی حەیفا - ڤیکتۆر پڵزن - گلاسکۆ رێنجەرز - کۆپێنهاگن - دینامۆ زەگریب
 
یارییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ لە رۆژانی 6 و 7 مانگی 9 بەڕێوەدەچن، رۆژانی 13 و 14 یارییەکانی گەڕی دووەم، رۆژانی 4 و 5 مانگی 10 یارییەکانی گەڕی سێیەم دەکرێن، یارییەکانی گەڕی چوارەم دەکەونە 11 و 12 مانگی 10، یارییەکانی گەڕی پێنجەمیش هەر لەو مانگەدا لە رۆژانی 25 و 26 بەڕێوەدەچن و گەڕی شەشەمیش لە دەستپێکی مانگی 11 لە رۆژانی 1 و 2ـی مانگ بەڕێوەدەچن.
 
دوای کۆتاییهاتنی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ لە رۆژی 7ـی مانگی 11 تیروپشکی قۆناخی 16ـی خولەکە رادەکێشرێت.
 
بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو لە کاتی راکێشانی تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکاندا ناکرێت دوو یانەی یەک وڵات رووبەڕووی یەک ببنەوە.
 
لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، چاوەڕواندەکرێت یاریی بەهێز ببینرێن، بەوپێیەی یانە بەهێزەکانی وەک لیڤەرپوول، چێڵسی، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس لە ئاستی دووەمدان و دەکرێت لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بکەوێتە کۆمەڵەی یانەی پێشووی و رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە، یانیش ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردوو و لیڤەرپوولی دووەمی وەرزی رابردوو بکەونە یەک کۆمەڵەوە.
 
8 پاڵەوانی پێشوو لە دەرەوەی ئاستی یەکەمدان
 
ئەوەی بۆ هەمووان لە تیروپشکی ئەمجارەی چامپیۆنزلیگدا جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە 8 یانەی دەرەوەی ئاستی یەکەمی یانە بەشدارەکان پێشتر نازناوی پاڵەوانێتییەکەیان بردووەتەوە.
 
لە ئاستی دووەمدا یانەی لیڤەرپوول، دووەمی وەرزی رابردوو پێشتر 7 جار بووەتە پاڵەوان، کە دوایینجار لە 2019 بوو، یانەی چێڵسی پاڵەوانی ساڵی 2012 و 2021، بارسێلۆنای پاڵەوانی 5 جاری چامپیۆنزلیگ، یوڤێنتوسی دووەمی دووجاری پاڵەوانێتییەکە بەهەمان شێوە لە دەرەوەی ئاستی یەکەمە.
 
لە ئاستی سێیەمدا، بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی و پاڵەوانی 1997 و دووەمی 2013، ئینتەرمیلانی خاوەنی 3 نازناو، بێنفیکای خاوەنی دوو نازناو لە دەرەوەی ئاستی یەکەمدان.
 
لە ئاستی چوارەمی یانە بەشدارەکاندا، یانەی مارسیلیای فەرەنسی دیارترین یانەیە، کە پێشتر لە 1993 نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە.
 
5 یانەی ئەڵمانی بەشدارن
 
لە وەشانی نوێی چامپیۆنزلیگدا 5 یانەی ئەڵمانی بەشداردەبن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئاینتراخت فرانکفۆرت نازناوی یۆرۆپالیگی بردووەتەوە و وەک پاڵەوان بەشداری دەکات، پێشتریش یانەکانی بایرن میونشن، بۆرووسیا دۆرتموند، لایپزیگ و بایرلیڤەرکوزنیش لە رێگەی بوندێسلیگایەوە سەرکەوتنیان مسۆگەرکردووە.
 
دوو وڵات لە چامپیۆنزلیگ بێبەشکران
 
لە تیروپشکی چامپیۆنزلیگی وەرزی نوێدا، یانەکانی دوو وڵات بێبەشکران، کە بەهۆی سزادانیان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە دوورخراونەتەوە، ئەوانیش یانەکانی رووسیا و لیخنشتاینن، کە ئەوانەی رووسیا هۆکارەکەی هێرشکردنی وڵاتەکەیە بۆ سەر ئۆکراینا و ئەوەی دیکەشیان خولی ناوخۆیان نەبووە، بۆیە رێگە بە بەشداریکردنی یانەکانیان نەدرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە