تایبەت بە رووداو؛ چوار یانە داوای سەرهەنگ موحسین دەکەن

25-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سەرهەنگ موحسین گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چوار یانەی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، رکابەری لەسەر گواستنەوەی سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی کورد و یانەی نەجەف دەکەن، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەرگری لە گۆڵەکەیان بکات.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی دهۆک، لە دوایین یاریی قۆناخی پلەی ئۆفدا، سەرهەنگ موحسین گەڕاوەتەوە هەولێر بۆ وەرگرتنی پشوو و ئێستا چوار یانە لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزە کوردەکە بکەن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، بڕیاربوو ئەمڕۆ نوێنەرێکی یانەی کەربەلا سەردانی هەولێر بکات، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی کورد دەستپێبکات و ئەو گۆڵپارێزە رازیبکات پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، بەڵام کۆبوونەوەکەیان بەهۆی چەند کارێکی تایبەتەوە دواخراوە.
 
رووداو زانیوویەتی، کەربەلا لە گواستنەوەی سەرهەنگ موحسین جیددییە و ئامادەیە دوو هێندەی ئەو پارەیەی گۆڵپارێزەکە لە نەجەف وەردەگرێت پێشکێشی ئەو گۆڵپارێزە کوردە بکات.
 
لەلایەن خۆیەوە یانەی نەجەف، هەوڵەکانی بۆ هێشتنەوەی سەرهەنگ موحسین و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێکردووە، بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی دهۆکیش هەردوولا دووجار کۆبوونەتەوە، بەڵام هیچ رێککەوتنێک لەنێوانیان نەکراوە.
 
ئەوەی تایبەتە بە یانەی هەولێر، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو کەسی جیاواز لە یانەی هەولێر، پەیوەندییان بە سەرهەنگ موحسینەوە کردووە و گفتوگۆیان لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی ئەو گۆڵپارێزە بۆ یانە زەردپۆشەکە کردووە، بەڵام گفتوگۆکان لە قسە زیاتر نەبووە و هیچ رێککەوتنێکیش لەنێوان هەردوولادا نەکراوە.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لەم سێ یانەیە، یانەیەکی دیکەی عێراق لە نزیکەوە چاودێریی گۆڵپارێزە کوردەکە دەکات و ئامادەیە هەموو داواکارییەکانی سەرهەنگ موحسین جێبەجێ بکات، بەڵام هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە و هەردوولا دەیانەوێت گفتوگۆکانیان بەنهێنی بمێنێتەوە.
 
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێز و ئەستێرەی بەنێوبانگی کورد، ئەزموونێکی زۆری لە رکابەرییەکانی خولی عێراقدا هەیە، لە کاروانی یارییکردنیدا بۆ یانەکانی هەولێر، شورتە، ئەمانە بەغدا و نەجەف یارییکردووە و چاوەڕواندەکرێت چەند رۆژی داهاتوو چارەنووسی ئەو گۆڵپارێزە بۆ وەرزی نوێ یەکلاببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە