بەفەرمی: تۆماس مونیێر چووە بۆڕووسیا دۆرتمۆند

25-06-2020
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

 

بەفەرمی یانەی بۆڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، تۆماس مونیێری بەرگریکاری هەڵبژاردەی بەلجیکای بۆ ماوەی چوار وەرز بۆ ریزەکانی گواستەوە.

یانەی دۆرتمۆند لە تویتەر رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ تۆماس مونیێری بەرگریکاری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، تاوەکو هاوینی 2024 واژۆ کردووە.

 شێوازی گرێبەستەکە بێ بەرامبەرە و یانە ئەڵمانییەکە هیچ بڕە پارەیەک لە بەرامبەر بەدەستهێنانی تواناکانی مونیێر نادات بە پاریس سانجێرمان.

لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە پەیوەندیکردنی بە یانەی دۆرتمۆندەوە مونیێر گوتی: "بۆڕووسیا بەو شێوە یاریی دەکات کە من حەزی پێدەکەم و سەرنجڕاکێشە، هەروەها هاندەرانی یانەکە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکەم هەبوو، کە دۆرتمۆند بکەم بە وێستگەی داهاتووم".

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا بەرگریکارە تەمەن 28ساڵییەکەی بەلجیکا گوتی: "من هەمیشە لە ژیانی وەرزشیمدا خەون و ئامانجم هەبووە، هەروەک چۆن لەگەڵ یانەی برووجی بەلجیکی و پاریس سانجێرمان خەونی بەدەستهێنانی نازناوم هەبوو، بە هەمانشێوەش دەمەوێ لەگەڵ ئەم یانە ئەڵمانییەش نازناوەکان بەدەستبهێنم".

گرێبەستی یاریزانی ناوبراو لە هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت و رەتیکردەوە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە نوێبکاتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، هەریەکە لە یانەکانی ئەی سی میلان، تۆتێنهام و مانچێستەر یونایتد دەیانویست بە بێ بەرامبەر مونیێر بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بوندێسلیگەی کرد بە وێستگەی داهاتووی یاریکردنی. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە