دۆرتمۆند مەرجی ئەستەم دەخاتە بەردەم فرۆشتنی سانچۆ

25-06-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سانچۆ، دۆرتمۆند، ریال مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، مەرجی زۆر قورسی لەبەردەم ئەو یانانەدا داناوە کە دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ جادۆن سانچۆی یاریزانیدا بکەن.

زینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید و ئۆلی سۆلشایەری راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، دیارترینی ئەو کەسانەن کە دەگوترێ هەوڵی بەدەستهێنانی تواناکانی سانچۆ دەدەن. بەتایبەت کە هەردوو یانە لە هەوڵی ئەوەدان بۆ وەرزی داهاتوو پێکهاتەکانیان بەهێزتر بکەن.

رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە سانچۆ لە ئینگلتەرا خۆشەویستییەکی زۆری هەیە، بە یەکێک گرێبەستە لە پێشینەکانی مانچێستەر یونایتد دادەنرێت، بەڵام بۆرووسیا دۆرتمۆند هەموو رێگرییەک دەکات بۆ شکست پێهێنانی هەوڵی ئەو یانانە.

رۆژنامەکە دەڵێ یانە ئەڵمانییەکە بڕیاریداوە بە کەمتر لە 130 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانە نەبێت، لە کاتێکدا یانەکە باش دەزانێت بەهۆی تەنگژەی کۆرۆناوە هیچ یانەیەک ئەو بڕە پارەیەی پێنادرێت بۆ کڕینی سانچۆ.

بیڵد زیاتر دەڵێ: ئەو ژمارەیە بە ژمارەیەکی خەیاڵی دادەنرێت لە رۆژگاری ئێستادا و هیچ یانەیەک توانای دانی ئەو بڕە پارەیەی نییە، بۆیە دۆرتمۆند ئەو نرخە خەیاڵییە وەک چەکێکی کاریگەر بۆ رێگرتن لە رۆیشتنی یاریزانەکەی بەکاردەهێنێت.

هاوکات بۆرووسیا دۆرتمۆند کە ئومێد دەکات لانی کەم بۆ وەرزێکی دیکە ئەو یاریزانە لە ریزەکانییدا بهێڵێتەوە، دەیەوێ لە رێگەی زیادکردنی مووچەی ساڵانەی ئەو یاریزانە بۆ 10 ملیۆن یۆرۆ، بەتەواوی لە بەردەوامبوونی ئەو یاریزانە بۆ ساڵانی داهاتوو لەگەڵیدا، دڵنیا ببێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە