رووداو دیجیتاڵ
یانەی یوڤێنتوس رووبەڕووی هەڕەشەی دوورخستنەوە لە چامپیۆنزلیگ لە وەرزی داهاتوودا دەبێتەوە. یوفا دەیەوێت دادگای ئیتاڵی بە زووترین کات بڕیار لەسەر ئەو تۆمەتانە بدات کە دراونەتە پاڵ یانەی خانمە پیرەکە، بۆ ئەوەی ئەویش لەسەر ئاستی ئەوروپادا سزاکانی بەسەر یانەکەدا بسەپێنێت.
یانەی یوڤێنتوس دوای وەرگرتنەوەی 15 خاڵەکەی بەشێوەیەکی کاتی، ئێستا لە ریزبەندیی خولی ئیتاڵیادا پلەی سێیەمی گرتووە، هەر بۆیەش مافی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگ هەیە، ئەگەر یەکێک بێت لە چوار یەکەمەکانی ریزبەندیی خولی ئیتاڵیا.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەوروپا، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، چاوەڕوانی بڕیاری دادگای ئیتاڵیا دەکات سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی یوڤێنتوس بە ئەگەری پێشێلکردنی یاسای یاری دارایی خاوێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یوفا گوشار دەخاتە سەر دادگا بۆ ئەوەی بڕیارێکی خێرا لەسەر یوڤێنتوس دەربکات.
دەشڵێن "یوفا بەنیازە لە لای خۆیەوە لێکۆڵینەوەیەک لە دژی خانمە پیرەکە بکاتەوە، ئەگەر وادەی بڕیارەکە لەلایەن دادگای ئیتاڵیاوە درێژبکرێتەوە".
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەر بەرپرسانی یوڤێنتوس بە تاوانی هەڵسوکەوتی ناوەرزشییانە تۆمەتبار بکرێن و ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا هەڕەشەی دوورخستنەوەی یوڤێنتوس لە چامپیۆنزلیگ دەکرێت، لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، یوڤێنتوس لە سزادان و بێبەشکردن لە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ رزگاری نابێت، تەنانەت ئەگەر لەم وەرزەدا نازناوی یۆرۆپالیگیش بەدەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ