ئێمباپێ داوای تۆڵەکردنەوە لە پاریس سانجێرمان دەکات

25-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان یانەی یوڤێنتوس کولۆ موانێ کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بۆ یەکەمجار لە دوای چوونە دەرەوەی لە یانەی پاریس سانجێرمان، داوای تۆڵەکردنەوە لەو یانەیە دەکات.
 
ئێمباپێ هاوینی رابردوو، پاش تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان، بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریال مەدریدی ئیسپانییەوە کرد. ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا کێشەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە هەیە و داوای 55 ملیۆن یۆرۆ پاداشت و مووچەی پێشتری دەکات، لە کاتێکدا یانە فەرەنسییەکە رازی نییە پارەکە بدات و وایدادەنێت داواکارییەکەی کیلیان لە جێی خۆی نییە.
 
ئێمباپێ بەکۆمێنتێک، داوای تۆڵەسەندنەوە لە یانەی پاریس سانجێرمانی کردووە.
 
کۆمێنتەکەی کیلیان لەبارەی گواستنەوەی رانداڵ کۆلۆ موانێی هێرشبەری فەرەنسییە لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بۆ یانەی یوڤێنتۆسی ئیتاڵی، بەشێوەی خواستن تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ.
 
موانێ پۆستێکی یانەی یوڤێنتۆسی بڵاوکردووەتەوە کە بەخێرهاتنی ئەو دەکەن وەک یاریزانی نوێی یانەکەیان.
 
لای خۆیەوە، ئێمباپێ، کۆمێنتی لەسەر پۆستەکە نووسیوە و دەڵێ، "پێشانیان بدە"، داوای لەو یاریزانە کردووە بەهای خۆی و تواناکانی لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا دووپات بکاتەوە، پاشئەوەی لە پاریس سانجێرمان بەدۆخێکی خراپدا گوزەری کرد.
 
موانێ یاریزانێکی پەراوێزخراو بوو لە یانەی پاریس سانجێرمان و لویس ئینریکێی راهێنەری ئەو یانەیە، بەدەگمەن پشتی بەو یاریزانە دەبەست لە یارییەکاندا، لە کاتێکدا یانە فەرەنسییەکە پارەیەکی زۆری بۆ بەدەستهێنانی ئەو هێرشبەرە خەرجکردبوو.
 
ناوی موانێ لە لیستی یانەی یوڤێنتۆسدا بۆ یاریی ئەمشەو بەرامبەر ناپۆلی بوونی هەیە و هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانیی ئیتاڵیا دەڵێن، ئەو یاریزانە ئەمشەو یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی یانە ئیتاڵییەکەوە ئەنجامدەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە