ڤیدیۆ؛ بایرن بردییەوە و راهێنەری یونیەن بەرلین بە شەقەزلـلە لە سانێی دا

25-01-2024
ئیحسان تاهیر
سانێ و راهێنەری یونیەن بەرلین
سانێ و راهێنەری یونیەن بەرلین
نیشانەکردن بایرن میونشن لێرۆی سانێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بایرن میونشن، لە یارییەکی دواخراوی مانگی کانوونی دووەمی بوندێسلیگادا، بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یونیەن بەرلینی بردەوە. رووداوێکی سەیریش روویدا و راهێەنری یونەین بەرلین لە سانێی یاریزانی بایرن میونشنی دا.
 
تاکە گۆڵی یارییەکە لە خولەکی یەکەمی گێمی دووەمدا، لە لایەن رافایل گێرێرۆوە تۆمارکرا.
 
لە یارییەکەدا ناندا بێلیکا راهێنەری یانەی میوان لە خولەکی 74ـدا بە کارتی سوور دەرکرا، دوای ئەوەی شەقەزلـلەیەکی کێشا بە دەم و چاوی لێرۆی سانێی هێرشبەری یانەی بایرن میونشن.
 
سانێ داوای ئەو تۆپەی لە بێلیکا دەکرد کە راهێنەرەکە بەدەستییەوە گرتبووی، دوای ئەوەی تۆپەکە چووە درەوەی یاریگە، ئەویش هەوڵیدا تۆپەکە لە راهێنەرەکە وەربگرێت بۆ ئەوەی بەخێرایی یارییەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام راهێنەرەکە وەڵامی دایەوە و دووجار بەدەستی پاڵی بە دەموچاوی یاریزانە ئەڵمانییەکەوە نا.
 
ئەم رووداوە دوای ئەوە هات کە یاریزانانی یونیەن بەرلین لە خولەکی 72 داوای لێدانی سزایان کرد، بەڵام ناوبژیوان فەرمانی دا یارییەکە بەردەوام بێت، پێش ئەوەی ڤار بڕیارەکە پشتڕاست بکاتەوە.
 
لە خولەکی 55 سانێ گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام ڤار بە پاساوی بوونی ئۆفساید رەتیکردوە. 
 
بەهۆی ئەو رووداوەوە ئەگەری هەیە راهێنەری یونیەن بەرلین رووبەڕووی سزادان ببێتەوە.
 
لە لێدوانەکانیدا دوای یارییەکە، بێلیکا، گوتی "بابەتەکە پێویستی بە قسەکردنی زیاتر نییە، ئایا من لە بڕیاری دەرکردن تێدەگەم؟ بەڵێ  بێگومان. بەڵام دوای رووداوی لێدانی سزاکە تا راددەیەک تووڕە بووم".
 
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی "ئەو هاتە شوێنی دیاریکراوی من بۆ ئەوەی تووڕەم بکات، بەڵام بەڕاشکاوی دەیڵێم، کاردانەوەکەم شایستەی ئەوە نییە راهێنەرێک هەیبێت".
 
ئەم سەرکەوتنە یارمەتی تیپەکەی تۆماس توخێلی راهێنەر دەدات کە جیاوازییەکەی لەگەڵ بایەرلیڤەرکوزنی پێشەنگ کەمبکاتەوە بۆ 4 خاڵ دوای بەڕێوەچوونی 18 گەڕی بوندێسلیگا.
 
یونیەن بەرلین، بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ پلەی 15ـی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە و تەنیا 3 خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە