ریال به‌ر له‌ یاری ڤایادۆلید رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه‌

25-01-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مه‌درید ڤایادۆلید
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی رایگه‌یاند، یانه‌ی ریال مه‌درید به‌ر له‌وه‌ی یاری خۆی به‌رامبه‌ر ڤایادۆلید ئه‌نجام بدات له‌ هێڵی به‌رگری تووشی كێشه‌ بووه‌.

سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ گه‌ڕی 21ی لالیگادا، ریال مه‌درید ده‌بێته‌ میوانی ڤایادۆلید و یارییه‌كه‌ كاژێر 23:00 به‌ كاتی باشووری كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ماركا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ زینه‌دین زیدانی راهێنه‌ری یانه‌ی شاهانه‌ له‌ به‌رگریكاری لای راست تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بووه‌ و له‌وانه‌یه‌ ناچاربێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ له‌و یارییه‌دا په‌نا بباته‌ به‌ر هێرشبه‌رێكی.

وه‌ك ماركا باسی ده‌كات، دانی كارفاخال به‌هۆی كاره‌ته‌ زه‌رده‌كانه‌وه‌ ناتوانێت به‌شداری له‌و یارییه‌دا بكات و ئۆدریۆزۆلاش رۆیشتووه‌ته‌ ریزه‌كانی بایرن میونشن، بۆیه‌ هیچ یاریزانێكی تایبه‌ت به‌و شوێنه‌ نییه‌ زیدان یاری پێبكات و ده‌ڵێت "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ زیدان ناچاره‌ یاری به‌ میلیتاو بكات، یان په‌نا بباته‌ به‌ر لوكاس ڤاسكێز".

ماركا باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ سێرخیۆ رامۆسی كاپتن و به‌رگریكاری یانه‌كه‌ به‌ته‌واوی له‌ پێكانه‌كه‌ی چاكبووه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ یاریكردن به‌رامبه‌ر ڤایادۆلید.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "گاریس به‌یڵ ئاماده‌ نییه‌ بۆ ئه‌و یارییه‌ و هێشتا به‌ده‌ست پێكانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، بێجگه‌ له‌وه‌ی ئیدین هازارد و ماركۆ ئه‌سینسیۆش هێشتا ماویانه‌ ده‌ست به‌ یاری بكه‌نه‌وه‌".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە