بەشداربوویەکی ئۆڵیمپیاد بۆ رووداو: بۆ بردنەوەی میدالیا دەچمە تۆکیۆ

24-07-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ
ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ
نیشانەکردن ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

راکەرێکی بەنێوبانگی عێراقی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە رایدەگەیێنێت، بۆ پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز و بەدەستهێنانی میدالیا دەچێتە تۆکیۆ و بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا دەکات.

تەها یاسین، رۆژی 26ـی ئەم مانگە بەرەو تۆکیۆ بەڕێدەکەوێت، رۆژی 1-8 بەشداری لە رکابەرییەکانی راکردنی 400 مەتریدا دەکات.

تەها لە بەغداوە بەشداریی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی وەرزشی تۆڕی میدیایی رووداو کرد کە لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشکرا و باسی لە دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکەدا کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە.

رووداو: هەستت چییە هاوشێوەی هەزاران وەرزشوان لە جیهاندا خەونتان بۆ دەستپێکردنی ئۆڵیمپیاد دەبێتە راستی؟

تەها یاسین " سوپاس بۆ ئەم میواندارییە، سوپاس بۆ خوا من لە ئامادەکارییەکی تەواودام بۆ بەشداریکردن و پشت بەخوا دەتوانم بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکەم، پێشتر من کەمپێکی راهێنانم لە تورکیا کردووە، پشت بەخوا ئامادەم بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە لە رکابەرییەکان لە تۆکیۆ دەربکەوم ".

رووداو: متمانەت بە خۆت هەیە کە بتوانیت نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی عێراق بکەیت و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکەیت؟

تەها یاسین " بەڵێ بێگومان من متمانەی زۆرم بەخۆم هەیە، پشت بەخوا ناوی عێراق بەرزدەکەمەوە لە ئۆڵیمپیاد و دەتوانم ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنم ".

رووداو: ئەو کەمپە مەشقییەی لە تورکیا ئەنجامتدا، چ کاریگەرییەکی لەسەر تۆ هەبوو و تاوەکو چەند بۆ رکابەرییەکە ئامادەی؟

تەها یاسین " کەمپە مەشقییەکەی تورکیا لە ئاستێکی زۆر بەرزدابوو و زۆر سەرکەوتوو بوو، لە بەرئەوەی یاریگەکە یاریگەیەکی زۆر باشبوو و هەمووی هەوارگەی تەواوبوو و هەموو پێداویستییەکی تێدابوو، بۆ ئەو یاریزانانەی دەیانەوێت لەوێ مەشقبکەن، پشت بەخوا دەتوانم سوودی لێ وەربگرم بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنم ".

رووداو: تۆ لە رکابەری 400 مەتریدا بەشداری دەکەیت، لە ئۆڵیمپیاددا راکەری بە ئەزموون بەشدارن، ئەمە تا چەند ئەرکی تۆ قورس دەکات؟

تەها یاسین " راستە من یەکەمجارە بەشداری لە ئۆڵیمپیاد دەکەم، بەڵام پێشتر من بەشداریم لە پاڵەوانێتی گەورەدا کردووە و بەرامبەر یاریزانی گەورە یاریم کردووە، بەشداریم لە پاڵەوانێتی جیهانی کردووە و ئاستێکی بەرزم پێشکێشکردووە، ئومێدم بەخۆم هەیە و پشت بە خۆم دەبەستم بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەم و بۆ ئەوەش مەشقی باشمکردووە ".

رووداو: تۆ لەگەڵ 3 وەرزشوانی دیکە لە ئۆڵیمپیاددا نوێنەرایەتی عێراق دەکەن، ئەمە ژمارەیەکی زۆر کەمە لە نێوان بەشداربوواندا، پەیامی تۆ بۆ بەرپرسانی وەرزشیی عێراق و لیژنەی ئۆڵیمپی چییە، ئەوەی یاریزانی زیاتر بەشداری بکەن؟

تەها یاسین " لە راستیدا ئێمە لە ئاستی عێراقدا، نەک تەنیا لە هەندێک شار و هەندێک یارییدا، بەڵکو لە زۆرینەی یارییەکاندا توانا و بەهرەی زۆرباشمان هەیە، بەڵام بەداخەوە پاڵپشتیمان ناکرێت، چ لە رووی ماددییەوە چ لە رووی ئەوەی کە دەزگاکان بەتایبەتیش وەزارەت پشتگیریمان بکات، پشتگیرییەکان زۆر کەمن، ئێمە بەهرەی زۆرباشمان هەیە، بەڵام پشتگیری ناکرێت، بۆیە من پێموایە ژمارەی یاریزانەکانی عێراق لە ئۆڵیمپیاد زۆر کەمن، دەبینی یاریزانەکانمان زۆرباشن، بەڵام ناتوانن بگەنە ئۆڵیمپیاد، بەڵام دەبینی لەسەر ئاستی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی ئەنجامی باش بەدەستدەهێنن، ئەمە کارێکی قورس نییە بۆ ئەوەی بگەینە ئەوێ، بەدەستهێنانی میدالیای ئۆڵیمپی دەستکەوتێکی گەورەیە، تەنیا دەرکەوتن لە پاڵەوانێتییەکە ناوێکی گەورەیە، کێشەکە لەلای یاریزانەکان نییە، بەڵکو لای دامەزراوەکانە لە رووی پشتگیرییەوە ".

رووداو: ساڵێک ئۆڵیمپیاد دواخرا، ئەمە چ کاریگەرییەکی دروستکرد بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکی باشتر بکەن؟

تەها یاسین " لە راستیدا دواخستنی ئۆڵیمپیاد بۆ ماوەی ساڵێک، لەسەر ئاستی هەموو جیهان هەلی رەخساند، ئۆمێدم زۆرە بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکەم، لەکاتێکدا ئەم دواخستنە تەنیا لەسەر ئاستی عێراق نەبوو، بەڵکو لەسەر ئاستی هەموو جیهان بوو بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، دەکرێت ئەمە کاریگەرییەکی زۆرباشی هەبێت، بۆ ئەوەی لە ئۆڵیمپیاددا ئاستی باشتر پێشکێشبکەین، پشت بەخوا دەچم بۆ ئەوێ بۆ سەرکەوتن و میدالیا لەگەڵ خۆم دەهێنمەوە ".

تەها حوسێن یاسین، لە 1-1-1998 لە دایکبووە، راکەری یارییەکانی 400 مەترییە، لە ساڵی 2015ـەوە لەسەر ئاستی جیهان بەشداری لە رکابەرییەکاندا دەکات و یەکەم دەرکەوتنیشی لە پاڵەوانێتی راکردنی جیهان لەسەر ئاستی لاوان بوو کە ساڵی 2015 لە کۆڵۆمبیا بەڕێوەچوو، لە ساڵی 2018 پلەی یەکەمی پاڵەوانێتی راکردنی رۆژئاوای ئاسیای لە ئوردن بردەوە و لەسەر ئاستی ئاسیاش لە هەمان ساڵدا پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا.

لە ساڵی 2019 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەشداریی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی ئاسیادا کرد و پلەی شەشەمی بردەوە، لە هەمان ساڵدا لە پاڵەوانێتی جیهاندا کە لە قەتەر بەڕێوەچوو پلەی 31ـەمی بەدەستهێنا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە