بارسێلۆنا دەیەوێت گوشار بخاتە سەر ریال مەدرید و جیرۆنا

24-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا خیتافی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە یاریگەی خۆی و لە میوانداریکردنی خیتافیدا بەدوای بردنەوە و کەمکردنەوەی خاڵەکان لەگەڵ ریال مەدرید و جیرۆنا و گوشاردروستکردن لەسەر ئەو دوو یانەیە دەگەڕێت.
 
بارسێلۆنا نزیکەی مانگێک بەرلەئێستا لە بەرامبەر ڤیاریال دووچاری شکستێکی گەورە هات و ئەو شکستە دۆخی تیپەکەی بەتەواوی شێواند و گوشاری زۆری لەسەر راهێنەر و یاریزانانی تیپەکە دروستکرد، بووە سەرەتایەکی باشیش بۆ بەخۆداچوونەوە و هەڵسانەوەی یانەکە و لەوکاتەوە بارساوە سێ بردنەوە و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە.
 
ئەگەرچی ئەنجامەکانی ماوەی رابردووی بارسێلۆنا سەریانکێشا بۆ راگەیاندنی کۆتاییهاتنی کاروانی کارکردنی چاڤی هێرناندێزی راهێنەر لەگەڵ تیپەکەدا، بەڵام ئەوە پاڵنەرێکی مانەویی بەهێزیش بوو بۆ ئەوەی یاریزانەکان هەوڵبدەن ئەوەی لە ژێر داروپەردووی شکستەکانی ئەمساڵدا ماوەتەوە، بەئاسانی دەریبهێنن و بیکەنە رووناکییەک بۆ گەیشتن بەکۆتایی تونێلەکە.
 
بارسێلۆنا لە یەکسانبوونێکی بەبەهای چامپیۆنزلیگەوە بەرامبەر ناپۆلی ئیتاڵی گەڕاوەتەوە و ستایلی دەرکەوتنی تیپەکە کە گوشاری زۆری لەسەر یانە ئیتاڵییەکە دروستکردبوو و بەردەوام گوشاری دەکردە سەری، ئومێدێکی باشی داوەتە هەمووان تاوەکو بارسا درێژە بەکاروانی خۆی لە لالیگا بدات و چاوەڕێ بێت، رکابەرەکانی خاڵ لەدەست بدەن.
 
خیتافی ئەگەرچی لە پلەی دەیەمی ریزبەندی گشتیی ئێستای لالیگایە و ترسی لە دابەزین نییە، بەڵام لە دە یاریی رابردووی خۆیدا تەنیا چوار بردنەوەی بەدەستهێناوە و ئەو تیپە کە پێشتر زۆر ئازاری گەورەکانی لالیگای دەدا، ئەمساڵ بەرامبەریان لە دەستەمۆیەک زیاتر هیچی دیکەی پێشاننەداوە، ئەگەرچی لە یەکەم یاریی وەرزەکەدا بەرامبەر بارسێلۆنا، توانی خاڵێک لەو یانەیە وەربگرێت.
 
خیتافی لە مانگی دەی 2020ەوە هیچ یارییەکی لەبارسێلۆنا نەبردووەتەوە و ئەوەش ئومێدبەخشە بۆ کەتەلۆنییەکان، بەڵام هەواڵەکە لایەنی ئومێدبڕیشی تێدایە ئەگەر زانیمان لە دوایین چوار یاریی نێوانیاندا، بارسێلۆنا تەنیا یەکجار لەو یانەیەی بردووەتەوە.
 
بارسێلۆنا پێویستی بەئەنجامێکی باش لە یارییەکەدا هەیە بۆ مانەوە لەنێو رکابەریی خولەکەدا و خیتافیش پێویستی بەڕاگرتنی بارسا هەیە بۆ بیرکردنەوە لە گەیشتن بە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو، کێ دەتوانێ لە کۆتاییدا دڵخۆشانە لە یاریگە بچێتە دەرەوە، ئەوەیان شەوێکی باشی لە هەفتەکەی لالیگادا دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە