ڤیدیۆ؛ سەرۆکی فیفا لە رێگەی رووداوەوە پەیامێک بۆ یاریزانانی کورد دەنێرێت

23-09-2023
دیار کوردە @diyarkurda
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی جیهان فیفا، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەدەکات و پەیامێک ئاراستەی یاریزانانی کورد دەکات و دەڵێت " مۆندیالی 2026 دەکەینە گەورەترین مۆندیال لە مێژوودا."
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە و قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات، لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ مۆندیالی 2026 دەڵێت "مۆندیالی داهاتوو زۆر خۆشدەبێت و دەکەینە گەورەترین مۆندیال لە مێژوودا."
 
رووداو یەکەم میدیایی کوردییە سەرۆکی فیفا قسەی بۆ بکات و یەکەمجارە پەیامێک بۆ یاریزانانی کورد بنێرێت.
 
رووداو: پەیامتان بۆ یاریزانانی تۆپی پێی کورد چییە؟
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا: "من بە هەمووان دەڵێم، یاری تۆپی پێبکەن و چێژی لێ وەرگرن. دڵخۆش بن."
 
رووداو: تاوەکو ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ جامی جیهانیی 2026 لە ئەمریکای باکوور بە کوێ گەیشتوون؟
 
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا: "جامێکی جیهانیی زۆر خۆش دەبێت لە ساڵی 2026، لە مەکسیک، کەنەدا و ئەمریکا، 16 شارمان دەستنیشانکردوون، واتە 16 یاریگە، 11یان لە ئەمریکان، سییانیان لە مەکسیک و دووانیان لە کەندان."
 
سەرۆکی فیفا زیاتر دەڵێت "ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە گەورەترین جامی جیهانی، 48 هەڵبژاردە تێیدا دەبن، هەموو جیهان لەوێ دەبێت، ئێمە بەهۆی ئەوەوەیە کە لێرەین، پێشوازی لە هەموو جیهان دەکەین و تۆپی پێ کۆماندەکاتەوە."
 
قسەکانی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لەبارەی مۆندیالی داهاتووەوە لەکاتێکدان، کە بەشداریی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مۆندیالی داهاتووە، کە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەچوونی مۆندیالدا دەکرێت و ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەکان لە 32 هەڵبژاردەوە بۆ 48 هەڵبژاردە زیاد دەکرێت و بۆ یەکەمجاریش یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە سێ وڵاتی جیاواز بەڕێوەدەچن.
 
جامی جیهانیی ساڵی 2026 بەبەشداریی 48 هەڵبژاردەی سەر بە 6 کیشوەر لە رۆژی 11-6-2026 دەستپێدەکات و 19-7-2026 کۆتاییدێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە