ڤیدیۆ؛ یوڤێنتوس یاریی مار و پەیژە دەکات

23-05-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
یوڤێنتوس
یوڤێنتوس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریی مار و پەیژە بە یوڤێنتوس دەکەن، ئەو یانەیە وەرزێک بەڕێدەکات، کە نە خۆی، نە هاندەران، یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیاش نازانن ئەم هەموو بەرز و نزمییە، ئەم هەموو هەوراز و نشێوییە چییە تووشی دەکەن؟ بۆ وا لە یوڤێنتوس دەکەن؟ کێشەکە چییە و ئەم دۆخە بۆچی کەس سەری لێدەرناکات؟
 
رۆژێک 15 خاڵی لێ کەمدەکەنەوە، لە تۆپەوە دەیخەنە خوارەوە، رۆژێك 15 خاڵی دەدەنەوە لە کاتێکدا کە کار لە کار ترزاوە و حەوسەڵەی شەڕکردنی لەسەر نازناوەکە نەماوە، یوڤێ دەگەڕێتەوە و پلەی دووەم وەردەگرێتەوە، کەچی لەپڕێکدا و لە ناکاو، 10 خاڵی لێدەشکێندرێت، وەک بڵێی کار لەسەر دۆخی و گوزەرانی یانەکە دەکەن، کەی زاندرا دەگاتە چامپیۆنزلیگ، بڕی رێژەی پێویست بۆ کەوتن و نەگەیشتنە ئامانجی یانەکە خاڵی لێدەشکێنن، ئەمجارەش لە پلەی دووەمەوە فڕێیاندایە پلەی حەوتەم. 
 
كێشەکان لەکوێوە دەستیانپێکرد؟ 
 
خانمە پیرەکە، کاتێک گەیشتە ئەوەی ئەنجامەکانی باش ببن، لەلایەن داواکاری گشتیی وڵاتەوە دۆسێیەکی بەناوی 'زەبەلاحکردنی سەرمایە' لەسەر کرایەوە و بەهۆیەوە یانەکە بەدەستکاریکردنی نایاسایی سەرمایەکەی تۆمەتبارکرا و بەهۆیەوە پانزە خاڵ لە کۆی خاڵەکانی شکێنران.
 
تیپەکەی ماسیملیانۆ ئالێگری خۆی بەدەست رووداوە نەخوازراوەکانەوە نەدا و لە رکابەریکردن لەسەر هەلی خۆی لە بەدەستهێنانی خاڵەکانی لە خولی سێری ئادا بەردەوام بوو.. 
 
یوڤێنتوس تانەی لە بڕیاری یەکەمی دادگای ئیتاڵیادا و دوای بێنەوبەردە و مشتومڕێکی زۆر، دواجار 15 خاڵەکەی بەدەستهێنایەوە، بەڵام دۆسێیەکەی لە دادگا بەیەکجار دانەخراوە، هەڕەشەی زۆر لە یانەکە هەبوو بەوەی دیسانەوە سزا دەدرێت، دیسانەوە خاڵی لێدەشکێت، لەلایەک یۆفا هەڕەشەی سڕکردن لە خولە ئەوروپییەکانی لێدەکات، لەلایەک ئیتاڵییەکان تەنگیان پێهەڵچنیەوە، ئەمە جارێ سزایەک جێگیرکرا، بەڵام ترس لەوە هەیە بۆ وەرزی داهاتوو...
 
سێ ئەگەر هەن کە هاندەران لە دووانیان تۆقیون، یەکەمیان ئەوەیە کە یوڤێ بەم سزایەی ئێستا مەمنوون بێت، یانیش دەکرێت تانەی لێبدات و هەڵبگیرێت، دووەم ئەوەیە کە ژمارەیەک خاڵ لە سەرەتای وەرزەوە لە یانەکە بشکێندرێت، خراپترینەکەشیان دابەزاندنە بۆ ریزی یانە پلە دووەکان. 
 
یانەی یوڤێنتوس بەفەرمی ئەوەی راگەیاندووە کە تانە لەم سزایەی ئێستا دەدات، بەڵام هێشتا دیار نییە چی دەبێت و چی دەگوزەرێت. 
 
کێشەکە لەوەدایە کە چەند کاژێرێک بەر لە یارییەکان ئەم سزایانە دەردەچن، جاری یەکەم یوڤێ بەرامبەر ناپۆلی یاری دەکرد، کە سزاکە دەرچوو لەو یارییەدا پێنج گۆڵی لێکرا کە دۆڕانێکی مێژوویی بوو، شەوی رابردووش بەر لە یارییەکە بە چەند خولەکێک سزایەکی دیکەی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەبوو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاست و دەروونی یاریزانەکان کرد و بە یانەیەکی وەکو ئیمپۆلی دۆڕا، دۆڕانێک کە ئەمیش مێژوویی بوو، چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک. 
 
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە، کێی دیکە ماوە گۆڵ لە یوڤێنتوس بکات؟ هاندەرانی بیانکۆنێری دەپرسن، بۆچی تەنیا یوڤێ سزا دەدرێت؟ کێن ئەوانەی یوڤێ سزا دەدەن؟ لەسەر چ بنەمایەک رێژەی شکاندنی خاڵەکان لەو یانەیە دیاری دەکرێت؟ بۆچی هەر جارێک یانەکە دەگاتەوە لووتکە، ئینجا سزای دەدەن؟ کۆمەڵێک پرسیاری دیکەش.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە