رووداو دیجیتاڵ
پێدەچێت چابی ئەڵۆنسۆ، راهێنەری ئیسپانی و یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، هاندەرانی ریال مەدرید لە چاوەڕوانیدا بهێڵێتەوە و لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە بەردەوامبێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئەڵمانیا، ئەڵۆنسۆ لەگەڵ کارگێڕیی یانەی بایرلیڤەرکوزن کۆبووەتەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتن راهێنەرەکە بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت، ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانەیە کە لەبارەی چوونی ئەو راهێنەرە بۆ یانەی ریال مەدرید بڵاودەکرێنەوە.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی دەڵێت "رێککەوتن لەنێوان ئەڵۆنسۆ و کارگێڕیی بایرلیڤەرکوزن کراوە و بۆ وەرزێکی دیکە ئەڵۆنسۆ لە یانەکە دەمێنێتەوە."
لەگەڵ ئەوەی رۆژنامەی بیڵد ئەم هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "نەخێر هیچ شتێک یەکلانەبووەتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتووی ئەڵۆنسۆوە نەدراوە، سەرەڕای ئەوەی لیڤەرکوزن رژدە لەسەر ئەوەی بەلای کەمەوە تاوەکو وەرزێکی دیکە ئەو راهێنەرە لە یانەکەی بهێڵێتەوە، بەتایبەت کە لە گرێبەستی نێوانیاندا رێککەوتن لەسەر چەند بەندێک کراوە."
مارکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە یەکلابوونەوە یان نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەڵۆنسۆ دەکەن، راست نین و تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نەگۆڕاوە.
یانەی بایرلیڤەرکوزن هەموو توانایەکی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەڵۆنسۆ رازی بکات لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت، بەتایبەت کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هاندەران هەیە و کارگێڕیی یانەکەش متمانەیەکی زۆریان بەو راهێنەرە هەیە.
نزیکەکانی ئەڵۆنسۆ دەڵێن، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بڕیارەکەی لە چوارچێوەی کارە وەرزشییەکەی دەبێت بە تێڕوانین لە داهاتووی خۆی، نەک لەسەر بنەمای هەست سۆز، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو باس لە چوونی ئەو بۆ یانەکانی لیڤەرپوول و بایرن میونشن دەکرا.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکی زۆرە ناوی ئەڵۆنسۆ بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، بەڵام پێناچێت بۆ وەرزی داهاتوو راهیێنەرە ئیسپانییەکە ببێتە جێگرەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی و چاوەڕواندەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو راهێنەرە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بدات.
ئەڵۆنسۆ تەمەنی 43 ساڵە، لە ساڵی 2022 بووەتە راهێنەری بایرلیڤەرکوزن، لەگەڵ ئەو یانەیە مێژووی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا نازناوی بوندێسلیگای بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ