رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی پاڵەوانێتییەکی دۆستانە لە ئوردن بەبەشداری چوار هەڵبژاردەی عەرەبی دەستپێدەکات، عێراق بە چەند یاریزانێکی کوردەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکات.
لە یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکەدا و کاژێر 18:00 هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان یارییدەکات، دوای ئەوەش کاژێر 21:00 هەردوو هەڵبژاردە ئوردن و سوریا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و هەردوو یارییەکەش لەسەر یاریگەی شا عەبدوڵلای دووەم بەڕێوەدەچێت.
براوەی هەردوو یارییەکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە، رازی شنێشل، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بە رۆژنامەڤانانی گوت " هەنگاوەکانی ئوردن بەرز دەنرخێنم بۆ سوود وەرگرتن لە هەفتەی فیفا و رێکخستنی ئەم پاڵەوانێتییە."
راهێنەری عێراق زیاتر گوتی " ئێمە رووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی رێکخراو و بەرێز دەبینەوە، شێوازی یارییکردنیان سەردەمیانەیە و لە هەموو روویەکەوە زۆرباش یارییدەکەن."
شنێشل لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق و بانگهێشتکردنی 11 یاریزانی پیشەگەر گوتی " پرۆسەی کۆکردنەوەی یاریزانە پیشەگەرەکان ئاسان نەبوو، بەڵام هەموویان بۆ ئێمە زۆر گرنگن، عێراق میراتێکی زۆری هەیە و زۆر یاریزانی عێراقی لە وڵاتانی ئەوروپا یارییدەکەن، پلانی کارکردنمان هەیە بۆ ئەوەی زۆرترینیان بانگهێشتی هەڵبژاردەکە بکەین، جگە لەو بەهرانەی لە ناوخۆی وڵاتدا هەن."
راهێنەری عێراق دەڵێت " بەشێکی یاریزانەکان بڕیاربوو ئامادەببن، لەوانەش زیدان ئیقبال و عەلی حەمادی، بەڵام بەهۆی پابەندیان بە تیپەکانیانەوە داوای لێبوردنیان کردووە و بەشێکیشیان بەهۆی پێکانەوە ئامادەنین."
بۆ ئەم پاڵەوانێتییە دۆستانەیە، رازی شنێشل 7 یاریزانی کوردی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کردووە، ئەوانیش دلۆڤان مەهدی، گۆڵپارێزی یانەی تەڵەبە، مێرخاس دۆسکی، یاریزانی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی، ئالای فازل، یاریزانی یۆتۆبۆریی سوێدی، هیران ئەحمەد، یاریزانی یانەی سونی سویسری، رێوان ئەمین، یاریزانی یانەی دالکورد، شێرکۆ کەریم، یاریزانی یانەی کوێتی کوێتی و ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی یانەی سالمیەی کوێتیی بانگهێشتکردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ