رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە رەگەزپەرستی و دژایەتی، جارێکی ڤینیسیۆس جونیۆر بووە قوربانی.
هاندەرانی یانەی ڤالێنسیا بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید دژایەتیکردنی ڤینیسیۆس جونیۆریان دەستپێکرد و لە کاتی هاتنە خوارەوەی لە پاسی یانەکەدا، هەمووان بەیەکەوە هاواریان دەکرد تۆ کەسێکی نامۆی تۆ کەسێکی نامۆی.
دژایەتیکردن لە دەرەوەی یاریگەوە گواسترایەوە بۆ نێو پەیژەکانی یاریگەی مێستایا و هاندەرانی ڤالێنسیا لەسەر دژایەتیکردنی ئەو یاریزانە بەردەوامبوون و بەیەکەوە هاواریان دەکرد تۆ مەیمۆنی، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی گرژییەکی زۆر لە یاریگەدا دروستببێت و بەو هۆیەوە یارییەکە 10 خولەک راگیرا، کە دواجار ڤینیسیۆس ناچاربوو بچێتە بەردەم هاندەران و رووبکاتە ناوبژیوان، پێیبڵێت ئەم هاندەرەیە قسەم پێدەڵێت.
چیرۆکی دژایەتیکردنی ڤینی لە خولی تۆپی پێی ئیسپانیادا نوێ نییە، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ئەمە جاری دەیەمە یاریزانە بەرازیلییەکە رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبێت."
لەنێو یاریگەدا چیرۆکەکە بە گریان و کارتێکی سووری ڤینیسیۆس کۆتاییهات، بەڵام لە دەرەوەی یاریگە لەسەر ئاستی ئیسپانیا و دەرەوەی ئیسپانیاش دەیان یاریزان و وەرزشوان پاڵپشتیی خۆیان بۆ یاریزانە بەرازیلییەکە دووپاتکردەوە.
دوای ئەو رووداوانە و کۆتاییهاتنی یارییەکە ڤینیسیۆس لە پەیامێکدا گوتی "بەداخەوە ئەو خولەی رۆناڵدینیۆ، رۆناڵدۆ، کریستیانۆ و مێسی یارییان بۆ دەکرد، ئێستا بووەتە خولی رەگەزپەرستان."
ڤینی لە پەیامەکەیدا دەڵێت "وڵاتێکی جوان پێشوازیی لێکردم و خۆشم ویست، بەڵام قبوڵی کرد کە وێنەی رەگەزپەرستییەکەی بگاتە هەموو جیهان، بەداخەوە کە ئەو ئیسپانیایەی ئەمڕۆ لەگەڵم نین، بوونە هۆکاری ئەوەی لە بەرازیل بەم وڵاتە جوان بگوترێت وڵاتی رەگەزپەرستان، بەڵام من بەهێزم و بەردەوام دەبم لە رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی تەنانەت ئەگەر رێگەکە درێژیش بێت."
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بەتەنیا لەگەڵ ڤینیسیۆس کۆبووەوە و پاڵپشتیی خۆی و یانەکەی بۆ یاریزانە بەرازیلییەکە دووپاتکردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ هاوکاریکردنی یاریزانەکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختە دەربڕیووە.
ریال مەدرید سکاڵا تۆماردەکات
یانەی ریال مەدرید راگەیێنراوێکی فەرمیی لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا و بەکارهێنانی رەگەزپەرستی لە دژی ڤینیسیۆس جونیۆر بڵاوکردەوە.
ریال مەدرید لە راگەیێنراوەکەیدا، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو رەگەزپەرستییە رادەگەیێنێت کە بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر کراوە و دەڵێت "لە داواکاریی گشتیی دەوڵەت سکاڵا تۆماردەکەین، بەرامبەر ئەو تاوانکارییە جیاکارییە و رق و کینەی کە بەرامبەر ڤینیسیۆس کرا."
لە راگەیێنراوەکەی ریال مەدریددا هاتووە، ریال مەدرید بە تووندی ئەو رووداوانە رەتدەکاتەوە و سەرکۆنەیان دەکات، کە دوێنێ بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی یانەکەمان روویاندا، ئەم راستیانە هێرشێکی راستەوخۆن بۆ سەر مۆدێلی بەیەکەوە ژیان و دۆخی یاسایی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی.
راگەیێنراوی یانەی ریال مەدرید لەکاتێکدایە، لە یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا، هاندەرانی یانەی ڤالێنسیا هێرشیانکردە سەر ڤینی و بەیەکەوە هاواریان دەکرد، تۆ مەیموونی، تۆ مەیموونی.
هێرشی هاندەرانی ڤالێنسیا بۆ سەر ڤینیسیۆس کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەسەر ئاستی ئیسپانیا و جیهان و یاریزانە جیاوازەکان لەسەر ئاستی جیهان و یانە و وەرزشوانان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ڤینیسیۆس و دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی راگەیاند.
"هەموو یاریگە هاواری دەکرد مەیموون، مەیموون"
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی ئەو رووداوەوە گوتی "لە کاتی یارییەکەدا قسەم لەگەڵ کرد، چونکە کەشی یاریگە زۆر گەرم بوو، زۆر خراپ بوو، پرسیارم لێکرد کە ئایا دەتەوێت بەردەوام بی لە یاریکردن، ئەو پێیوایە بەهۆی ژینگەی رەگەزپەرستییەوە پێویستە بیبەمە دەرەوە، پێموانییە ئەوە شتێکی باش بێت. دەکرێت یاریزانێک دانیشێنم ئەگەر ئاستی باش نەبێت، بەڵام لەبەر رەگەزپەرستی یاریزان دەرناهێنم، ئەوە پێشتر بەسەرمدا نەهاتووە، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا چەندینجار روویداوە، بەڵام هەرگیز زیاتر لەمە قبوڵ ناکرێت، لالیگا خاوەنی کێشەیە، نەک ڤینیسیۆس. ڤینیسیۆس قوربانییەکەیە. کێشەکە زۆر جدییە."
راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت " کاتێک کارتی سووری وەرگرت هەموو یاریگاکە هاواریان دەکرد مەیموون، مەیموون، مەیموون. ئەوەندە دڵتەنگم کە پێشتر ئەمە بەسەرمدا نەهاتووە، وەک ئەوەی ئەمە رووینەدا بێت. ڤینیسیوس گەنجێکە حەزی لە تۆپی پێیە و دەیویست بەردەوام بێت."
راگەیێنراوی یانەی ڤالێنسیا
یانەی ڤالێنسیا دژایەتی خۆی بەرامبەر هەڵسوکەوتی هاندەرانی پێشاندا و دەڵێت "سووکایەتیکردن بە هەر یاریزانێکی هیچ جێگەیەکی لە تۆپی پێدا نییە و بەهەموو شێوەیەک لە دژی ئەوەین و داوای ئەوپەڕی رێزگرتن لە هاندەرانمان دەکەین."
ڤالێنسیا دەڵێت "هەرکەسێک لە رەگەزپەرستی تێوەبگلێت، بۆ هەتا هەتایە سڕدەکرێت."
پاڵپشتیی ئەستێرەکانی ریال مەدرید و جیهان
رۆناڵدۆ دێلیما، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل پاڵپشتیی ڤینیسیۆس دەکات و نووسیوویەتی "ئەڵقەیەکی دیکەی رەگەزپەرستی لە لالیگادا، تاوەکو کەی؟ تاوەکو بێ سزایی هەبێت، رەگەزپەرستی بەردەوام دەبێت."
جگە لە رۆناڵدۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، بەشێکی زۆری یانەکانی بەرازیل، یاریزانانی ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێ، رافایێل لیاو و چەندین ئەستێرەی دیکە پاڵپشتیی خۆیان بۆ ڤینیسیۆس و دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی دووپاتکردەوە.
کەریم بنزیما بۆ ڤینیسیۆس جونیۆری نووسیووە، برای بچووکم، نەیمار دەڵێت "ئێمە لەگەڵتین."
کۆرتوا بۆ ڤینیی نووسیووە "هەمیشە لەگەڵتین براکەم"، رۆردیگۆش دەڵێت "بەداخەوە ئێمە لە 2023ـداین، بەڵام هێشتا ئەمە هەیە."
کیلیان ئێمباپێ پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر ڤینیسیۆس بڵاوکردەوە و دەڵێت "تۆ بەتەنیا نیت، ئێمە لەگەڵتین و پاڵپشتیت دەکەین."
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان هاتە دەنگ
جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا رایگەیاند، ئێمە هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ ڤینیسیۆس رادەگەینین، هیچ شوێنێک بۆ رەگەزپەرستی لە تۆپی پێ یان لە کۆمەڵگادا نییە، فیفاش پاڵپشتی هەموو ئەو یاریزانانە دەکات کە رووبەڕووی ئەم بارودۆخانە دەبنەوە.
سەرۆکی فیفا باسی ئەو 3 هەنگاوەی کرد کە لە کاتی روودانی کاری رەگەزپەرستی لەو پاڵەوانێتیانەدا دەگرنەبەر کە سەر بە فیفان.
ئاماژەی بەوەشکرد "سەرەتا دەبێت یارییەکە بوەستێنرێت، هەنگاوی دووەم، یاریزانەکان یاریگاکە بەجێدەهێڵن و بێژەری یاریگەکە رایدەگەیەنێت کە ئەگەر دروشمە رەگەزپەرستییەکان بەردەوام بن، یارییەکە رادەگیرێت. یارییەکە دەستپێدەکاتەوە، پاشان لە لە هەنگاوی سێیەمدا، ئەگەر هێرشە رەگەزپەرستییەکان بەردەوام بن، یارییەکە هەڵدەوەشێتەوە و تیپی بەرامبەر 3 خاڵ بەدەست دەهێنێت".
راگەیێنراوی تۆپی پێی بەرازیل
ئیدناڵدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "جارێکی دیکە سەرنجێک دادەنێین بۆ رەتکردنەوە. لە ناوەڕستی سەدەی بیست و یەکدا، ئەو ئەڵقانەی ئێستا بینیمان. جارێکی دیکە لە خولی ئیسپانیدا؟ تا کەی مرۆڤایەتی وەک تەماشەکار و هاوبەشی کاری رەگەزپەرستییەکی قورس دەمێنێتەوە."
فیدراسیۆنەکە زیاتر باس لەو کێشانە دەکات و نووسیوویەتی " تا کەی پێویستیمان بەوەیە بیری خۆمان بێنینەوە کە رەگەزپەرستی تاوانە؟ تا کەی تێدەکۆشین لەپێناو هەڵوێستە بەرجەستەکانی نێو و دەرەوەی یاریگە؟ بەختەوەری و دڵخۆشی نییە لەو شوێنەی رەگەزپەرستی لێیە. تۆ زۆر خۆشەویستیت هەیە لەلایەن هەموو بەرازیلییەکانەوە، ڤینیسیۆس، نەک تەنیا تۆ، بەڵکو هەر کەسێک کە بەدەست ئەم نەخۆشییە جیهانییەوە دەناڵێنێت، کە رەگەزپەرستییە. نابێت و ناکرێت جارێکی دیکە رەنگی پێست بێزارت بکات."
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا پاڵپشتیی ڤینی دەکات
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا راگەیێنراوێکی لەبارەی ئەو رەگەزپەرستییەی بەرامبەر ڤینیسیۆس کرا بڵاوکردەوە و پاڵپشتیی یاریزانەکە دەکات.
فیدراسیۆنەکە لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت " ئێمە لەگەڵ ڤینیسیۆس هاوسۆزین و دژی رەگەزپەرستی دەوەستین، وەک چۆن هاوسۆزین لەگەڵ هەر یاریزانێک کە بەهۆی ئەو رەگەزپەرستییەوە دەناڵێنێت."
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، نابێت رەگەزپەرستی قبوڵ بکرێت و دەبێت بۆ هەمووان پێشینەی کارکردن ئەوەبێت کە ئەم رەفتارە بنبڕبکرێت.
"ئەمە بابەتێکە لە تویتەر قسەی لەسەر ناکرێت"
لویس روبیالێس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا گوتی " ڤینیسیۆس، حەق لەلای ئەوە زیاتر لەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە، تا یەک کەس هەبێت بە هۆکاری رەگەزپەرستی سووکایەتی بە هەر کەسێکی دیکە بکات، واتا ئێمە بەدەست کێشەیەکی راستەقینەوە دەناڵێنین، ئامانجمان ئێستا ئەوەیە کە هەموو یاریزانانی تۆپی پێ بتوانن یاری بکەن بەبێ دەرکەوتن و دووبارەبوونەوەی کێشەیەکی هاوشێوەی ئەم رووداوانە."
سەرۆکی تۆپی پێی ئیسپانیا دەڵێت "بابەتی لەم جۆرە ناتوانرێت لە تویتەر قسەی لەسەر بکرێت، ئیسپانیا پێشوازی لە هەر یاریزانێک دەکات، ئێمەش لەگەڵ ڤینیسیۆسین دژی هەر سووکایەتییەک بەهەر شێوەیەک بێت، ئێمە پشتگیری لێدەکەین و بەشێوەیەکی کەسیی پشتگیری لێدەکەین، کەسانێکیش هەن کە لە یاریگەدا باسی ئەم رەفتارە دەکەن."
"ملیۆنان رەشپێست پاڵپشتیی دەکەن"
یانەی فلامینگۆی بەرازیلی کە پێشتر ڤینیسیۆس یاریی بۆ دەکرد نووسیوویەتی " تۆیی پێ بەرەو دواوە دەڕوات و توندووتیژی زاڵ دەبێت، توندوتیژی بەرامبەر تۆ زۆر دووبارە بووەوە، توندووتیژی کاتێک قوربانییەک دەکرێتە ئامانج."
یانە بەرازیلییەکە نووسیوویەتی "زۆر نیگەرانین کە زۆر شت نەکراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی، رەگەزپەرستی تاوانە و پێویستە رۆژانە کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی بکرێت."
فلامینگۆ پاڵپشتیی ڤینی دەکات و دەڵێت "ئێمە هەمیشە لەگەڵتین، ملیۆنان رەشپێست، ملیۆنان بەرازیلی و ملیۆنان کەس کە هەست بە توڕەیی دەکەن کاتێک کەسێک دەبێتە قوربانی"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ