رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی مەرجێکی قورس و جێبەجێنەکراویان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی لۆکا مۆدریچ، لەگەڵ یانەکە داناوە.
گرێبەستی مۆدریچ لەگەڵ ریال مەدرید لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، دانوستاندنی هەردوولا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە بۆ ساڵێکی دیکە دەستیپێکردووە.
ریال مەدرید گرێبەستی یاریزانانی تەمەن سەروو 30 ساڵ، تەنیا بۆ یەک ساڵ نوێدەکاتەوە و ئەمە بنەمایەکی پەیڕەوکراوە لە یانەکە.
لۆکای تەمەن 37 ساڵ، چەندینجار ویستی خۆی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید ئاشکرا کردووە.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کارگێڕیی ریال مەدرید گوشاری لەسەر مۆدریچ دروستکردووە، بۆ ئەوەی واز لە یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی کرواتیا بهێنێت تاوەکو یانەکەی گرێبەستەکەی بۆ نوێبکاتەوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، ریال مەدرید پێیانوایە کاتی ئەوەیە کە لۆکا هەموو توانای خۆی تەنیا لەگەڵ ریال مەدرید خەرج بکات و چیدی یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نەکات.
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، لۆکا داواکارییەکەی ریال مەدریدی رەتکردووەتەوە، چونکە ئەو خۆی ئامادە دەکات بۆ بەشداریکردن لەگەڵ کرواتیا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024.
رۆژنامەکە دەڵێ، هەردوولا خەریکە دەگەنە رێککەوتنێک کە هەمووان پێی رازی بن، ئەویش بریتییە لەوەی کە مۆدریچ تەنیا لەو یارییانە یاریی بۆ هەڵبژاردەی کرواتیا بکات، کە رکابەرییان تێدایە و پێویستن، نەک سەرجەم یارییەکانی هەڵبژاردەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ