رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی ریال مەدرید، پاتریک کلۆیڤێرت، ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندا و یانەی بارسێلۆنا گەیشتنە هەولێر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردوو یاریزانەکە لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، بۆ یەکەمجار گەیشتنە باشووری کوردستان و لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێرەوە پێشوازیان لێکرا.
هاتنی کارلۆس و کلۆیڤێرت، لەسەر ئەرکی کۆمپانیای کۆڕەک تیلکۆمە و ئامانج لێی بەشداریکردنە لە پڕۆژەی کاپتن کۆڕەک، کە لەو چوارچێوەیەدا یارییەکی دۆستانەش لە یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدەدەن.
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، پێشتر چەند ئۆفەرێکی دیکە پێشکێشی ئەو یاریزانە کراون بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکەن، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە بچنە بەغدا و هاتنیان بە هەولێر پەسەندکرد و ئەمڕۆ کاژێر 06:00 گەیشتنە هەولێر.
پەیامنێری رووداو دەڵێت " دوای وەرگرتنی پشوو کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ چاویان بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، دوای ئەوەش لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم چاویان بە هاندەران و هەوادارانیان دەکەوێت بۆ ئەوەی واژۆیان بۆ بکەن و وێنەی یادگارییان لەگەڵ بگرن.
کاژێر 13:30 هەردوو یاریزانە دیارەکەی جیهان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان دەبێت لەبارەی هاتنیان بۆ باشووری کوردستان و ئامانجی سەردانەکەیان.
محەممەد کارێزی زیاتر دەڵێت " ئێوارەی ئەمڕۆ کارلۆس و کلۆیڤێرت دەچنە فامیلی مۆڵی هەولێر بۆ ئەوەی یارییەکی گەیمینگ بکەن، ئەوەی لە یارییەکەدا براوە دەبێت، دیارییەکی بە واژۆی هەردوو یاریزانەکەی پێدەدرێت."
رۆژی چوارشەممە هەردوو یاریزانەکە سەردانی قەڵای هەولێر دەکەن و گەشتێک بەنێو بازاڕی گەورەی هەولێردا دەکەن، دوای ئەوەش دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی مانەوەیان و چاویان بە هاندەرانیان دەکەوێتەوە.
کاژێر 16:30 رۆژی چوارشەممە، یارییەکی دۆستانەی نمایشکاری لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت، هەردوو یاریزانەکە و چەندین یاریزان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەشداری لە یارییەکەدا دەکەن، ئامادەبوون لە یاریگەشدا بۆ بینینی یارییەکە بە بلیت دەبێت کە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بلیتەکانی یارییەکە دەفرۆشرێن.
رۆبێرتۆ کارلۆس ئێستا تەمەنی 48 ساڵە، یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل بووە و مۆندیالی 2002ـی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بردووەتەوە، لەسەر ئاستی یانەکان بۆ یانەکانی پالمێراس، ئینتەرمیلان، ریال مەدرید، فێنارباخچە، کۆرێنچیانز، ئانژی و دێلهی دینامۆس یارییکردووە و بەلێدانە بەهێزەکانی لە جیهاندا بەنێوبانگە و ئێستاش وەک باڵیۆزی یانەی ریال مەدرید کاردەکات.
پاتریک کلۆیڤێرت، تەمەنی 45 ساڵە و یەکێک لە هێرشبەرە دیارەکانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بووە، لەسەر ئاستی یانەکان لە ریزەکانی ئایاکس، میلان، بارسێلۆنا، نیوکاسڵ، ڤالێنسیا، ئایندهۆڤن و لیل یارییکردووە و دوای وازهێنانیشی روویکردووەتە کاری راهێنەرایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ