هەڵبژاردەی باسکەی کچانی عێراق لە تورکیا ئامادەکاری دەکات

22-01-2022
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی باسکەی کچانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەڵبژاردەی باسکەی تازەپێگەیشتووانی عێراق کە سەرجەم یاریزانانی کوردن، کەمپێکی راهێنانیان لە تورکیا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
 
راهێنانەکانی هەڵبژاردەی باسکەی کچانی عێراق لە شاری ئیستەنبوڵە و ماوەی 9 رۆژ بەردەوامدەبن، هەروەها تیپەکە سێ یاریی دۆستانەی ئامادەکاریی دەکات، لە بەهێزترین یارییەکانیدا لەگەڵ تیپەکانی باسکەی کچانی یانەکانی گەڵاتەسەرای و فەنەر باخچە یاریدەکات. 
 
رزگار محەممەد رەئوف، راهێنەری هەڵبژاردەی باسکەی کچانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "لە نێو کەش و هەوایەکی زۆر لەبار بە پاڵپشتی رەعد حەمموودی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق راهێنان دەکەین، دوای ئەوەی تیپەکەمان ئاستێکی بەرزی هەبوو، ئەم کەمپەی بۆ زیاتر بەهێزتر بوون و ئەزمووندارکردنی زیاتری کچە یاریزانانمان کردەوە".
 
هەڵبژاردەی باسکەی کچانی تازەپێگەیشتوانی عێراق مانگی 4ـی ئەمساڵ بەشداری پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە لوبنان دەکات، هەروەها مانگی 7ـی ئەمساڵ بەشداری پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی لە رووسیا دەکات.
 
راهێنەر کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق زیاتر گوتی "ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی بۆ تیپێکی بەهێز بۆ هەڵبژاردەی عێراق دروست بکەین، بەشێوەیەک لەگەڵ یەکێتیی باسکەی عێراق پلانی ئەوەمان هەیە لەسەر ئاستی پێشکەوتووان دوای دوو ساڵی دیکە رکابەری لەسەر نازناوی عەرەبی و ئاسیا بکەین".
 
سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی باسکەی کچانی تازەپێگەیشتووان و لاوانی عێراق کوردن و خەڵکی شاری سلێمانین، ئەم کچە یاریزانانە لە رێکخراوی وەرزشی ژیما بەسەرپەرشتی دکتۆر رزگار محەممەد رەئووف پێگەیشتوون، ئێستا کارەکانی ژیما دوای 6 ساڵ لە دروستبوونی فراوانتر بووە بەشێوەیەک بووەتە ئەکادیمیایەکی تایبەت بە باسکە بەناوی خەونی وەرزشی کە خاوەن 80 کچە یاریزانە. 
 
هەڵبژاردەی باسکەی کچانی تازەپێگەیشتووانی عێراق هەر لە تورکیا بەشداری پاڵەوانێتییەکی باسکەی سێ یاریزانی دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە