رۆناڵدۆ و بارسا و پرێمه‌رلیگ یه‌كه‌من

22-01-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن كریستیانۆ رۆناڵدۆ بارسێلۆنا پرێمه‌رلیگ
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

ماڵپه‌ڕی كالچیۆ مێركاتۆی ئیتالی، راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن گرووپی میلیمانی پسپۆر له‌ بواری توێژینه‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌ ئاماده‌كراوه‌ و تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت كام یاریزان و كام یانه‌ و كام خولی تۆپی پێی جیهان، له‌ چین خاوه‌نی زۆرترین جه‌ماوه‌رن.

به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌، كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پۆرتوگالی یانه‌ی یوڤێنتوسی ئیتالی بۆ ساڵی دووه‌مه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ به‌ناوبانگترین یاریزانه‌ له‌ وڵاتی چین، كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانی زیاتر له‌ ملیار و نیوێكه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "رۆناڵدۆ پێش ركابه‌ره‌ ئه‌رجه‌نتینییه‌كه‌ی، لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ و كاپتنی یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی كه‌وتووه‌ و پله‌ی سێیه‌میش به‌ر نه‌یمار داسێلڤای ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی یانه‌ی پاریس سانجێرمانی فه‌ره‌نسی كه‌وتووه‌".

له‌سه‌ر ئاستی یانه‌كانیشدا، بارسێلۆنای ئیسپانی خاوه‌نی زۆرترین جه‌ماوه‌ره‌ له‌و وڵاته‌. له‌دوای ئه‌ویش ریال مه‌دریدی ئیسپانی به‌ پله‌ی دووه‌م دێت و پله‌ی سێیه‌میش بۆ چێڵسی ئینگلیزی ماوه‌ته‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ مانچێسته‌ر سیتی و مانچێسته‌ر یوناتدیش پله‌كانی چواره‌م و پێنجه‌میان به‌ركه‌وتووه‌ و یوڤێنتوسی ئیتالیش شه‌شه‌مه‌، كه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ دوای گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ رێژه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌ چین زۆر زیادیكردووه‌.

له‌سه‌ر ئاستی خوله‌كانیش هێشتا پرێمه‌رلیگ پڕجه‌ماوه‌ریترین خولی تۆپی پێیه‌ له‌ چین و دواتریش خولی ئیسپانی و ئینجا خولی ئه‌ڵمانیا دێن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە