رووداو - هەولێر
ماركۆس سمارت، یاریزانی یانەی بۆستن سێلتیکس لە خولی باسکەی ئەمریکی، تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.
ئەو یاریزانە لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە، کە لە تویتەرەکەی بڵاویکردووەتەوە، دان بەوەدا دەنێت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەڵام دۆخی تەندروستییەکەی باشە. ئەمە دەیەمین یاریزانی ئێن بی ئەیە تووشی کۆرۆنا دەبێت.
ماركۆس سمارت، گوتی "ئێستا بۆم دەرکەوت کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوومە، پشکنینەکانم کرد و دەرکەوت ئەنجامەکەی پۆزەتیڤە، بەڵام من باشم، هەست دەکەم من باشم".
ئەو یاریزانە هەروەها گوتی "هەست بە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە ناکەم، بەڵام ناتوانم بڵێم چەندی دیکە لەو هەموو خەڵک و هاوڕێیانە دووردەکەومەوە".
سمارت گوتیشی "تکایە دەستەکانت بشوو، خۆت بپارێزە بۆ ئەوەی بتوانی خەڵکی دیکەش بپارێزی، سوپاس".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ