ئەمشەو چامپیۆنزلیگ گڕدەگرێت

21-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەردەوامن و ئەمشەو کاژێر 23:00 دوو یاری دیکەی گرنگ بەڕێوەدەچن. 
 
 
ناپۆلی vs بارسێلۆنا     
 
دوو لە یانەکانی پێشووی ئەفسانەی کۆچکردووی ئەرجەنتینی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، لە یاریگەیەکدا کە بە ناوی ئەو ئەفسانەیەوە ناونراوە و تایبەتە بە یانەی ناپۆلی. 
 
مارادۆنا تاکە خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو دوو یانەیە نییە، ناپۆلیی ئیتاڵی و بارسێلۆنای ئیسپانی هەردووکیان توانیان وەرزی رابردوو نازناوی نێوخۆیی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، کەچی ئەم وەرزە ئاستیان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و هیوایەکی زۆریان بە پارێزگاریکردن لە نازناوی خولەکانیان نەماوە، بەشێوەیەک کە یانە ئیتاڵییەکە ئێستا پلەی نۆیەمی سێریا ئەی گرتووە و 27 خاڵ لەو پێگەیەوە دوورە وەرزی رابردوو بەدەستی هێنابوو، کە پێشەنگی خولەکە بوو، بارساش لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نییە و لە پلەی سێیەمی لالیگا دێت. 
 
دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لوچیانۆ سپالێتی نازناوی خولی بۆ یانەکە بەدەستهێنا، راهێنەرە ئیتاڵییەکە بڕیاریدا یانەکە بەجێبهێڵێت و دواتر ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەی وەرگرت، دواتر روودی گارسیا لە شوێنی سپالێتی دەستبەکاربوو، بەڵام دوای کەمتر لە پێنج مانگ لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی، ناپۆلی بڕیاریدا گارسیا دووربخاتەوە و واڵتەر مازاری لە شوێنی ئەو دانا، دوای نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەکاربوونی، جارێكی دیکە ناپۆلی راهێنەرەکەی گۆڕی و فرانسێسکۆ کالزۆنای راهێنەری هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا لە شوێنی ئەو دەستبەکاربوو، کە کەمتر لە دوو رۆژی لەبەردەستدابووە بۆ ئەوەی خۆی بۆ یارییەکەی بارسا ئامادەبکات. 
 
لەلایەکی دیکەشەوە بارسێلۆنا لە پلەی سێیەمی لالیگا دێت و هەشت خاڵ لە ریال مەدریدی پێشەنگەوە دوورە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانە ئیسپانییەکەش رایگەیاندووە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا دەستبەرداری پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دەبێت. 
 
خاڵێکی ئەرێنی بۆ ناپۆلی، گەڕانەوەی ڤیکتۆر ئۆسیمهێنی گۆڵکاری تیپەکەیە، کە لە یانەکە دوورکەوتبووەوە بەهۆی بەشداریکردنی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا، کە تێیدا لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار شکستی هێنا. 
 
چەند ئامارێک لەسەر یارییەکە
 
★ بارسێلۆنا لە دوایین شەش یاریدا بەرامبەر ناپۆلی، تامی شکستی نەکردووە.
★ ناپۆلی لەم وەرزەدا شەش یاری لە نێو یاریگەی خۆی دۆڕاندووە.
★ بارسێلۆنا لە دوایین پێنج یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، چوار جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
★ ناپۆلی و بارسێلۆنا لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان دووجار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگی 2019/2020 و لە قۆناخی پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگی 2021/2022، لە هەردوو بۆنەکەدا بارسێلۆنا بەسەر ناپۆلیدا بۆ قۆناخی داهاتوو سەرکەوتووە. 
 

پێکهاتەی پێشبینیکراو

 

 

پۆرتۆ vs ئارسیناڵ
 
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی پۆرتۆ لە یاریگەی دراگاو میوانداری ئارسیناڵ دەکات.
 
ئارسیناڵی ئینگلیزی دوای حەوت ساڵ یەکەمین جارە دەگەڕێتەوە چامپیۆنزلیگ و رکابەری دەکات، لە کاتێکدا پۆرتۆ لەو حەوت ساڵەدا شەش جار گەیشتووەتە قۆناخی کرانە دەرەوەی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە.
 
پێناچێت ئارسیناڵ میوانێکی ئاسان بێت بۆ پۆرتۆ، یانە ئینگلیزییەکە لە رووی ئامارەوە بەباشترین دۆخی خۆیدا تێپەڕدەبێت لە چەند ساڵی رابردوودا و بە یەکێک لە بەربژێرەکانی بردنەوەی نازناوەکان دادەنرێت. لە هەمان کاتدا پۆرتۆ حەز بە رووبەڕووبوونەوەی یانە ئینگلیزییەکان ناکات، بەشێوەیەک کە لە دوایین هەشت رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر یانە ئینگلیزییەکان لە قۆناخی کرانە دەرەوەی چامپیۆنزلیگدا، حەوت جار لە پاڵەوانێتییەکە دوورخراوەتەوە، ئەو جارەی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004، کە تێیدا بە راهێنەرایەتی جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، توانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەرزبکاتەوە. 
 
ئارسیناڵ لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا بە ئاستێکی باشەوە دەرکەوتووە، بەشێوەیەک کە لەو شەش یارییەی ئەنجامی داوە چوار بردنەوە، بەرامبەربوونێک و دۆڕانێکی هەیە و بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ وەک پێشەنگی کۆمەڵەکەی بۆ ئەم قۆناخە سەرکەوتووە، هەروەها توانیویەتی لە دوایین پێنج یاریدا 21 گۆڵ تۆماربکات. 
 
بەهەمانشێوەی ئارسیناڵ، پۆرتۆ دۆخی باشە و لە کۆمەڵەکەیدا توانی شانبەشانی بارسێلۆنا 12 خاڵ کۆبکاتەوە وەک دووەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت. 
 
چەند ئامارێک لەسەر یارییەکە
 
★لە دوایین سێ یاری لە نێو یاریگەی خۆی، پۆرتۆ بەرامبەر ئارسیناڵ تامی شکستی نەکردووە.
★بوکایۆ ساکای هێرشبەری ئارسیناڵ، لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، لە شەش یاریدا بەشداری حەوت گۆڵی کردووە. 
★لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا لە دوای ریال سۆسیداد، ئارسیناڵ خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە و کەمترین گۆڵی لێکراوە. 

 

 

  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە