رووداو دیجیتاڵ
بەشێوەیەکی فەرمی تۆماس تۆخێل، راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت.
بایرنی پاڵەوانی دوایین 11 وەرزی بوندێسلیگا، لەم وەرزەدا بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت و لە ئاستی چاوەڕوانی هاندەرانیدا نییە، یانە ئەڵمانییەکە لە لە پلەی دووەمی خولی ئەڵمانیا دێت و هەشت خاڵ لە دوای بایەرلیڤەرکوزنی پێشەنگەوەیە، کە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا تامی شکستی نەکردووە، لە چامپیۆنزلیگیشدا دۆخی باشتر نییە و لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی خولەکەدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە لازیۆ دۆڕا.
دوای گفتوگۆ و دانووستاندن لە نێوان هەردوو لایەندا، یانەی بایرن میونشن و تۆماس تۆخێل بڕیاریاندا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا جیاببنەوە، راهێنەرە ئەڵمانییەکە لەلای خۆیەوە دەڵێت "ئێمە بڕیارماندا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستەکەمان هەڵبوەشێنینەوە. تاوەکو ئەوکات، من و یاریدەدەرەکانم بەردەوامدەبین لەوەی هەموو کارێک بکەین لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین سەرکەوتن بۆ بایرن میونشن."
بەپێی هەواڵەکان، بایرن دەیەوێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری بایەر لیڤەرکوزن وەک شوێنگرەوەی تۆخێل بگوازێتەوە، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نابێت بە تایبەتی یانەی لیڤەرپوولیش چاوی لەو راهێنەرە ئەڵمانییەیە و دەیەوێت لە شوێنی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئێستای یانەکە دەستبەکاربێت، کە لە ماوەی رابردوودا رایگەیاند لە کۆتایی ئەم وەرزەدا رێدز بەجێدەهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ