"رۆناڵدۆ دەچێتە خولی سعودیە"

20-12-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەکانی مەدرید ئاشکرایانکرد کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەوانەیە بچێتە خولی سعودی و یاری بۆ یانەی نەسر بکات.
 
دوای ئەوەی یانەی مانچێستەر یونایتد گرێبەستی کریستیانۆی هەڵوەشاندەوە، ئەو یاریزانە بەبێ یانە ماوەتەوە و لە مێرکاتۆی زستانەدا چاوەڕێیە بچێتە یانەیەکی دیکە.
 
رۆژنامەکانی مەدرید، لە پێشهاتێکی نوێدا هەواڵێکی تازەیان لەسەر چارەنووسی کریستیانۆ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن "رۆناڵدۆ ئێستا لە دوبەیە و چاوەڕێی رێککەوتنە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی نەسری سعودیە، بۆ ئەوەی یاری بە درێسی ئەو یانەیەوە بکات".
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، کریس رازی بووە بچێتە خولی سعودیە، لەبەرئەوەی هیچ دەستەوارەیەکی لە هیچ یانەیەکی گەورەی ئەوروپاوە بۆ نەهاتووە.
 
کریستیانۆ بەرلەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە مۆندیالدا شکست بێنێت، لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا رەتیکردەوە بچێتە یانەی نەسر و رایگەیاند کە ئەو ئێستا تەنیا بیر لە مۆندیال دەکاتەوە و گوتی "دوای مۆندیال بیر لە چارەنووسی خۆم دەکەمەوە".
 
دوێنێ کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری پێشووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەبارەی چارەنووسی کریستیانۆ قسەی کرد و گوتی "نازانم رۆناڵدۆ چ بڕیارێک دەدات، بەڵام پێموایە نابێت دۆن بچێتە هیچ خولێکی وڵاتانی عەرەبی، چونکە ئەو هێشتا یاریزانێکی باشە".
 
ئەو زیاتر لەبارەی کریستیانۆیەوە گوتی "رۆناڵدۆ بۆ هەتا هەتایە لە دڵی هاندەرانی ریال مەدریددا دەمێنێتەوە، ئەو هێشتا دەتوانێت لە ئاستێکی بەرزدا یاری بکات".
 
بەگوێرەی میدیای جیهانی، یانەی نەسری سعودی بەر لە دەستپێکردنی مۆندیال دەستەوارەیەکی خەیالی پێشکەشی کریستیانۆ کردووە و زەحمەتە ئەو بڕە پارەیە رەتبکاتەوە کە بۆی دانراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە