یانە کوردییەکانی خولی عێراق.. زاخۆ ئامادەیە و سەرۆکی هەولێریش لە پۆستەکەی نامێنێتەوە

20-08-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
هەولێر و زاخۆ
هەولێر و زاخۆ
A+ A-

رووداو دیجتال 

یانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق زۆر بەباشی ئامادەکاری دەکەن و گرێبەستی گرانبەهایان کردووە، کەچی یانە کوردییەکانی بەشدار لەو خولە سەرەڕای ئەوەی دەستبەرداری چەند یاریزانێکیان بوون، بەڵام هێشتا گواستنەوەی گرنگیان نەکردووە و هاندەرانیان دوودڵن.

یانەی هەولێر کە چوارجار پاڵەوانی خولەکە بووە، تاوەکو ئێستا مەشقەکانی دەستیپێنەکردووەتەوە، بەڵام رووداو زانیویەتی چوار یاریزانی پیشەگەر لە ژێر رادارەکانی یانەکەدان بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵدا بکرێ.

یانەکانی کوردستان کە لە خولی نایابی عێراق بەشداری دەکەن بریتین لە یانەی هەولێر، یانەی زاخۆ، یانەی نەورۆز کە تاوەکو ئێستا چارەنووسی دیار نییە لە کاتێکدا یەکەمجارییەتی لە خولەکە بەشداری دەکات، بەڵام بەهۆی کێشە سیاسییەکانی شاری سلێمانییەوە داهاتووی ئەو یانەیە نادیارە، چونکە لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، جگە لە نەورۆز ئەو یانە کوردییانەی دیکە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەن بۆ وەرزی نوێ و لە رێگەی رووداوەوە باسی گۆڕانکارییەکانیان دەکەن.

لە دیبەتێکدا دێسکی وەرزشی رووداو هەڵوەستەی لەسەر ئامادەکارییەکانی هەردوو یانەی زاخۆ و هەولێر کرد کە لە وەرزی نوێی خولی نایابی عێراقدا، بە ئامادەبوونی د.عەبدوڵڵا مەجید، سەرۆکی یانەی هەولێر و تەها زاخۆیی سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی زاخۆ.

د.عەبدوڵڵا مەجید، سەرۆکی یانەی هەولێر لە وەڵامی پرسیارەکانی رووداودا ئاماژەی بەوەکرد: داهاتی مانگانەی یانەی هەولێر لە نێوان 110 ملیۆن بۆ 120 ملیۆن دینار دەبێت، بەڵام تەنیا مووچەی مانگانەی یاریزانەکانمان 110 ملیۆن دینارە، ئەگەر 10 مانگ بەسەریەکەوە مووچە بدەین، ئەوا دەکاتە ملیارێک و 10 ملیۆن دینار، ئەمە جیا لەوەی کە تیپی تۆپی پێی خولی کوردستان 20 تا 25 ملیۆن مووچەیان هەیە، 5 ملیۆن بۆ لاوان، 5 ملیۆن تۆپی دەست، تۆپی دەستی کچآن و بەرزکردنەوەی قورسایی، هەروەها مووچەی کارمەندەکانمان و کارگوزارەکان، گەشتەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان.

عەبدوڵلا مەجید باسی لەوەشکرد کە کۆی گشتی مووچەی تیپەکە دەکات 170 ملیۆن دینار لە مانگێکدا، کە ئەمەش کورتهێنان دروستدەکات لە داهات و خەرجییەکانی یانەکە، بۆیە زەحمەتە کارەکان بەبێ هاوکاری حکومەت بەڕێوەبچن.

سەرۆکی یانەی هەولێر باسیشی لەوەکرد کە یانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەلایەن حکومەتەوە هاوکاریی دەکرێن و خەرجییەکی زۆریان هەیە، بەڵام گوتیشی: هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتی یانەکان بکات، نەک تەنیا یانەی هەولێر بەڵکو هەموو یانەکان بەبێ جیاوازی بۆ ئەوەی وەرزش لە کوردستانیش پێشبکەوێ.

یانەی هەولێر لە گواستنەوەکانی هاوینەی ئەمساڵدا بۆ وەرزی نوێی خولی عێراق گرێبەستی لەگەڵ شەش یاریزانی وەرزی رابردوو نوێکردووەتەوە، هەریەک لە نیاز محەممەد و ئیڤان خالید ماڵئاواییان لە تیپەکە کردووە، گرێبەستیش لەگەڵ سەفین مەنسوور و رەوا یوسف واژۆکراوە، یانەکە لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ تۆکمەکردنی ریزەکانی.

عەبدوڵڵا مەجید گوتیشی: واقیع شتێکە و ئەوەی هاندەران و خەڵکیش باسی لێوەدەکەن، شتێکی دیکە، هەر کەسێک گومانی لە داهات و خەرجییەکانی یانەی هەولێر هەیە ئێمە ئامادەین کە بەبەڵگە بۆی روونبکەیەنەوە، یانەی هەولێر موڵکی کەس نییە، ئێمە دەزانین قەیران هەیە بەڵام پێویستە پاڵپشتی یانەکان بکرێن.

درێس زەردەکان وەرزی ئەمساڵ هیوایان ململانێکردن و کۆکردنەوەی زۆرترین خاڵە، هەر بۆیە هێرشبەرێکی سووری و هێرشبەرێکی ‌غانا لەگەڵ بەرگریکارێکی لوبنانی و ناوەڕاستکارێکی ترینیداد تۆباگۆ نزیکن لە هاتنە ریزی یانەی هەولێر نزیکن. 

هێنانی راهێنەرێکی توانای جەستەی ئیتاڵی پلانێکی دیکەی یانەی هەولێرە لە بەهێزکردنی تیپەکەی بۆ ململانێی تیپەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.


لە کۆتایی دیبەیتەکەدا ئەحمەد سەنگاوی پرسیاری ئەوەی لە عەبدوڵڵا مەجید کرد، ئایا ئەگەر حکومەت هاوکاریی یانەی هەولێر نەکات، ئامادەیە واز لە پۆستەکەی بهێنێت؟ 

عەبدوڵڵا مەجید گوتی: حکومەت پارە بدات یان نەیدات من هەر لە پۆستەکەم نامێمەوە و وازدەهێنم، من چەندین ساڵە لەم یانەیە خزمەت دەکەم، 16 ساڵە لەم یانە تەحەددا دەکەم یەک رۆژ مووچەشم وەرگرتبێت، کە من هاتمە یانەکە ژوورێکی نەبوو بۆ دانیشتن.

لە لایەکی دیکەوە تەها زاخۆیی، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ گوتی: هەمووان دەزانن کێشەکانی ئێمە چییە، ئێمە کێشەی ئابووریمان هەیە، مانگی داهاتوو خولەکە دەستپێدەکات، یاریزانەکان پێویستیان بە کەمپی مەشقە بەڵام ئێمە نەمانکرد، گەشتکردنە، پارەی مووچەی یاریزانانە هەموو شتێک کە پەیوەستە بە یاریزانان و بەشداریکردن لە خولەکە، ئەمانە هەموویان پارەیان دەوێ و ئەمەش کێشەیە.

زاخۆیی گوتیشی: 10 رۆژی دیکە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە دادەخرێت، ئەگەر لەم ماوەیەدا پارەمان نەدرێتی و دوایی بماندەنێ ئێمە هیچ سوودی لێوەرناگرین و ناتوانین یاریزان بگوازینەوە، بۆیە ئەگەر نییەتێک هەیە یانە زاخۆ هاوکاری بکرێت، باشترە ئێستا بکرێت بۆ ئەوەی یاریزان رازی بکەین بێتە یانەکە.

تەها زاخۆیی ئەوەشی خستەڕوو کە یانەی زاخۆ داوای ملیارێک و 800 ملیۆن دیناری لە حکومەت کردووە بۆ ئەوەی بەشداریی لە خولی عێراق بکات و ئەنجامی باشی هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

زاخۆ لەم وەرزەدا گرێبەستی لەگەڵ 17 یاریزانی نێوخۆیی و سێ یاریزانی بەرازیلی واژۆکردووە، مووچەی مانگانەیان دوو ملیۆن تاوەکو 60 ملیۆن دینار دەبێت.

تەھا زاخۆیی، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ وەڵامی ئەحمەد سەنگاوی دایەوە سەبارەت بە ئەوەی کە چی بە هاندەران دەڵێن و دەتوانن چ بەڵێنێک بدەن، گوتی: بیری ھاندەران دەكەین، پشت بەخوا تیپێكی باشمان دەبێت لە خولی عێراقدا، بەڵام ھەندێك پێویستیمان بە كات ھەیە.

شەمەندەفەری وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق رۆژی بیستی مانگی نۆی ئەمساڵ دەکەوێتە رێ، یانەی هەولێر خاوەن چوار نازناوی خولەکەیە و دووجاریش گەیشتووەتە یاری کۆتای جامی یەکێتی ئاسیا، جگە لەو یانەیە هیچ یانەیەکی کوردی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە لەسەر سەکۆی نازناوەکانی خولەکە رابووەستێ.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە