ئەلفۆنسۆ دێڤز.. ئەو یاریزانەی دەتوانێت رۆژێکی تەواو بەسەریەکەوە رابکات

20-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چیرۆکی من ئەلفۆنسۆ دێڤز
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئەلفۆنسۆ دێڤز، تەمەن 19 ساڵان، یاریزانی کەنەدیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بارسێلۆنا پێشکەشی کرد، ئێستا وەک یاریزانێکی بەناوبانگ لە ئەڵمانیا دەناسرێت.

ئەلفۆنسۆ دێڤز، لە زستانی 2019 بەرامبەر 16 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ڤانکۆڤەر وەیتکاپسی کەنەدییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی بایرن میونشنەوە کردووە و ماوەی گرێبەستەکەی لە 2025 تەواودەبێت.

ئەو یاریزانە بە هەژاری و لە خێوەتگای ئاوارەکان گەورەبووە، مەینەتییەکانی منداڵی هاندەربوونە بۆ ئەوەی پەرە بە بەهرەکەی بدات و لە تەمەنێکی بچووکەوە ببێتە ئەستێرە.

دێڤز ساڵی 2000 لە خێوەتگەیەکی ئاواران لە غانا لەدایکبووە، دوای ئەوەی دایک و باوکی لەبەر شەڕی ناوخۆ لە لیبیریاوە رایانکرد و لە خێوەتگەکەی غانادا گیرسانەوە، کە ئەو شەڕە نەگریسە بووە هۆکاری مردنی دەیان هەزار کەس.
لەو بارەیەوە ڤیکتۆریای دایکی دێڤز، دەڵێت "پێویست بوو لەسەرمان بەسەر تەرمەکاندا بازبدەین بۆ ئەوەی خواردنمان دەستکەوێت، بارودۆخێکی زۆر سەخت بوو".

دێڤز کاتێک تەمەنی بووە 5 ساڵان، خانەوادەکەی چوونە کەنەدا دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکی بەرنامەی نیشتەجێکردنەوەدا قبوڵکران و لە شاری ئیدمۆنتۆن نیشتەجێکران. 

یەکەم هەنگاو

هۆگریی دێڤز بۆ تۆپی پێ هەر لە منداڵییەوە دیاربوو، ئەو ناوی خۆی لە بەرنامەی فۆتی بێبەرامبەر تۆمارکرد، کە تایبەت بوو بەو منداڵانەی ناتوانن پارەی چوونە یانە و ئەکادیمیاکان بدەن. 

لە خۆشبەختی خۆی دۆزەرەوەکانی یانەی ڤانکۆڤەر وەیتکاپس لەوێبوون و لە تەمەنی 15 ساڵییەوە دێڤز بووە یاریزانی ئەو یانەیە.

دێڤز ئاستێکی بەرزی لەگەڵ تیپی دووەمی یانەکەی پێشکەشکرد و دوای تەنیا مانگێک گۆڵی یەکەمی خۆی تۆمارکرد، هەر بۆیەش دوای تەنیا 5 مانگ یاریزانەکە سەرخرا بۆ تیپی یەکەم، چونکە ئاستی زۆر جیاوازبوو لەگەڵ هاوڕێکانی لە تیپی دووەم.

دووەم بچووکترین یاریزان

دوای ئەوەی کارل رۆبسۆن بووە راهێنەری ڤانکۆڤەر، دەرفەتی یاریکردن لە خولی ئەمریکی بە دێڤز دا و بووە دووەم بچووکترین یاریزان لە دوای فرێدی ئادۆ یاری لە خولەکەدا بکات.
رۆژی 31ـی مانگی پێنجەمی 2019 رۆبنسۆن لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، لەبارەی دیڤزەوە گوتی "ئەو یاریزانێکی زۆر جیاوازە، دەتوانێت بەدرێژایی رۆژ بەسەریەکەوە رابکات، ئەو خاوەن وزە و چالاکییەکی زۆرە، ئەوە وایلێکردم بیبەمە ریزی تیپی یەکەم".

ئەو هەروەها گوتیشی "بێزار بووم لە چیرۆکی ئەو یاریزانانەی دەگووترێت خاوەن بەهرەی بەرزن، بەڵام دەرفەتیان پێنادرێت، بۆیە پێویست بوو دەرفەتی یاریکردن بە دێڤز بدەم".

گاریس بەیڵی نوێ

کاتێک تەمەنی ئەلفۆنسۆ دێڤز گەیشتە 16 ساڵ وڵاتینامەی کەنەدی بەدەستهێنا و بووە بچووکترین یاریزان لە مێژوودا یاری بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانیی کەنەدی بکات، کە تاوەکو ئێستا 17 یاری بۆ ئەو هەڵبژاردەیە کردووە و 5 گۆڵی تۆمارکردووە.

رۆبنسۆن پێیوایە دێڤز هەمان عەقڵیەتی رۆبی کینی ئەستێرەی پێشووی ئێرلەندی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵوێستەکان لەنێو یاریگەدا، بەڵام وەکخۆی دەڵێت "دێڤز خاسیەت و سیفەتی زۆرتر لە گاریس بەیڵی ئەستێرەی وێڵزی هەیە".

هەر زوو یانەکانی مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول و چێڵسی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی داوای تواناکانیان کرد و ئەو دەستەوارەکەی بایرن میونشنی هەڵبژارد و هەرزوو وەک ئەستێرەیەک بوونی خۆی لە ریزەکانی  یانە باڤارییەکەدا سەپاند و ئێستا هانز فلیکی راهینەری بایرن میونشن نەک وەک یاریزانێکی سەرەکی، بەڵکو وەک یەکێک لە گرنگترین یاریزانانی تیپەکەی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

بەپێی ماڵپەڕی ترانسفێرمارکێتی تایبەت بە ئامارە وەرزشییەکان، ئێستا بەهای بازاڕیی ئەلفۆنسۆ دێڤز نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە.

چێژی ژیان

ئەلفۆنسۆ دێڤز لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانی تازەدا، باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات و خۆشحاڵی خۆی لەو بارەیەوە نیشاندەدات کە توانیویەتی خانەوادەکەی لە هەژاری رزگاربکات و دەڵێت "زۆر دڵخۆشم کە توانیومە خانەوادەی خۆم لە هەژاری و برسێتی رزگاربکەم، خانەوادەکەم بە بارودۆخێکی زۆر زەحمەتدا تێپەڕبووە، سەرەتا لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی لیبیریاوە، ئینجا چوونە خێوەتگای ئاوارەکان لە غانا و دواتریش پەنا بردنە بەر کەنەدا".

ئەو زیاتر لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە دەڵێت "چێژ لە هەموو رۆژێکی ژیانم وەردەگرم و هەوڵدەدەم لەنێو یاریگەدا و تەنانەت لە رێگەی تووڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە ئەو هەستەم بە هەمووان بگەینم".

نموونەیەکی جوانی منداڵان

دێڤز هەمیشە خەونی بەوەوە بینیوە یاری بۆ یانەیەکی وەک بایرن میونشن بکات، کە یەکێکە لە باشترین یانەکانی جیهان، بۆیە وەک خۆی دەڵێت "دەمەوێ هەمیشە نموونە بم بۆ منداڵان، ئێمە وەک ئاوارە چووینە کەنەدا، هەموو ئەوەی لە تواناماندا بوو خستمانەڕوو و سەرکەوتوو بووین، من پێموایە ئەوەی سەیری ژیانم بکات بۆی دەردەکەوێت کە لە توانایدا دەبێت دستکەوتی زۆر بەدەستبهێنێت ئەگەر لەگەڵ خۆیدا راستگۆ بێت و هیچ بوارێک بە کەمتەرخەمی نەدات".

سەرسامە بە مێسی

یاریزانە گەنجە کەنەدییەکە، ئەوە ناشارێتەوە کە لەنێو هەموو یاریزانانی جیهاندا زیاتر بە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنا سەرسامە و خۆی دان بەوەدا دێنێت کە هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووە پێکەوە لەنێو یەک یاریگەدا لەگەڵ مێسی یاری دەکات، بۆیە زۆر دڵخۆشبووە کاتێک خەونەکەی هاتووەتەدی و لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا بەرامبەر مێسی یاریکردووە و تیپەکەی سەرکەوتنێکی گەورەی بە ئەنجامی 8 - 2 بەسەر تیپەکەی مێسیدا  بەدەستهێنا.

ئەلفۆنسۆ دێڤز، لەو بارەیەوە دەڵێت "کاتێک دەرکەوت بایرن میونشن لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بارسێلۆنا یاری دەکات، باوکم تەلەفۆنی بۆ کردم و بەپێکەنینەوە پێیگوتم پیرۆزە کوڕەکەم. تۆ بەرامبەر مێسی یاری دەکەی، ئەو یاریزانەی لە منداڵییەوە خەون بەو رۆژەوە دەبینی".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە