ڤیدیۆ؛ پاڵاوتنەکانی یۆرۆ.. پۆرتوگال بەدوای 3 خاڵی دیکەدا دەگەڕێت

20-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
ئایسلەندا - پۆرتوگال 21:45
ئایسلەندا - پۆرتوگال 21:45
نیشانەکردن هه‌ڵبژارده‌ی پۆرتوگال هەڵبژاردەی ئایسلەندا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ بردنەوەیەکی دیکە، بەرلەوەی ئەم گەڕەی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 کۆتایی بێت و لەپێناو بەدەستهێنانی دوانزەیەمین خاڵی سەرڕێی کاروانی گەیشتن بە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەی هاوینی داهاتوو، پۆرتوگالی لێوانلێو لە ئەستێرە لەسەر خاکی ئایسلەندا بەدوای سێ خاڵی دیکەدا دەگەڕێت.
 
پۆرتوگال دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی خۆی بدات لە پاڵاوتنەکاندا و یەکێک بێت لەو هەڵبژاردانەی بەبەدەستهێنانی بردنەوە لە سەرجەم یارییەکانی پاڵاوتنەوە روو لە پشووەکانی هاوین بکات.
 
پێشبینیکراوە رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەکە، جارێکی دیکە پشت بەو پێکهاتەیە ببەستێتەوە کە لە یاریی پێشوودا شکستیان بە بۆسنیا هێنا و مارتینێز بەردەوامە لەسەر دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە هەڵبژاردەکە لەگەڵ ئەودا هەنگاو بەهەنگاو بەرەو باشتربوون دەچێت.
 
بۆ پۆرتوگالییەکان هەڵسانەوەیەکی خێرا و باشتربوونی ئاست و ئەنجامی هەڵبژاردەکە لە پاش شکست و پێشاننەدانی ئاستێکی باش لە مۆندیالی 2022ی قەتەر لە دوا رۆژەکانی کارکردن لەگەڵ سانتۆسی راهێنەری پێشوو، داواکارییەکی هەنووکەییە، چونکە بەرازیلی ئەوروپا دەیەوێت لەگەڵ مارتینێزدا بگاتە ئاستێک، کە جارێکی دیکە بیباتەوە بەردەم سەکۆی نازناوی یۆرۆ.
 
پۆرتوگال کە پێشتر لە 2016دا نازناوی یۆرۆی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بەدەستهێناوە، پێویستی بە نزیکبوونەوەی زیاترە لە هەنگاوەکانی گەیشتن بە یۆرۆی داهاتوو، هەڵبژاردەکە دەیەوێت لەوە دڵنیاببێتەوە کە مارتینێزی راهێنەر توانیویەتی ستایل و شێوازێکی دیکەی یاریکردن پەیڕەو بکات کە زیاتر هێرشبەرییە و دەتوانێ سوودی زیاتر لە ئەستێرە هێرشبەرەکانی وەربگرێت.
 
ئەرکی پۆرتوگال لە یارییەکەی ئەمشەودا بە ئەرکێکی قورس نایەتە بەرچاو. ئایسلەندا سەرەتای پاڵاوتنەکانی لەگەڵ ئارنار فیدارسۆنی راهێنەردا بە شکست بەرامبەر بۆسنیا دەستپێکرد، بەرلەوەی لە لیخنشتاین بباتەوە، بەڵام ئەو بردنەوەیە نەبووە رێگر لەبەردەم بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەری هەڵبژاردەکە لە کارەکەی لە مانگی سێی ئەمساڵدا.
 
ئاگی هاریدی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە، ئەمشەو دووەم یاریی خۆی لەگەڵ ئایسلەندا ئەنجامدەدات و ئەو راهێنەرە لە یارییەکەی ئەمشەودا ئەرکی ئاسان نییە، بەتایبەت کە یەکەم دەرکەوتنی لەگەڵ ئایسلەندا ئەنجامەکەی شکست بوو بەرامبەر سلۆڤاکیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە