ئەلڤێش بەشێوەیەکی کاتی ئازادکرا

20-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئەلڤێش دادگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دادگای بارسێلۆنا دوێنێ جارێکی دیکە داواکاریی پارێزەری دانی ئەلڤێشی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی بارسێلۆنای رەتکردەوە، کە داوای ئازادکردنی بەدەستەبەری یاریزانەکەی دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنی بەشێوەیەکی کاتی بەدەستەبەری یەک ملیۆن یۆرۆ دەرکرد.
 
دانی ئەلڤێش، مانگی دوانزەی ساڵی 2022 لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و خرایە زیندان، پاشئەوەی کچێک ئەوی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە یانەیەکی شەوانەی شاری بارسێلۆنادا پەلاماری داوە و بەزۆر و بەبێ رەزامەندی خۆی، سێکسی لەگەڵدا کردووە.
 
دانی ئەلڤێش داوای لە دەسەڵاتی دادوەری کرد بە دەستەبەر ئازاد بکرێت، چونکە سزای 4 ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام دادوەر سەرەتا داواکەی رەتکردەوە بە پاساوی ئەوەی دەوڵەمەندە و دەتوانێت خاکی ئیسپانیا جێبهێڵێت، بەرلەوەی ئەمڕۆ بڕیارەکەی بگۆڕێت و بە مەرج و بەشێوەی کاتی ئازادی بکات.
 
دانی لە دانیشتنی دوێنێ سێشەممەدا بەڵێنی بە دادوەر دا کە بەدرێژایی ماوەی سزادانەکەی لە ئیسپانیا نەچێتە دەرەوە و پێیگوت خانوویەکی لە بارسێلۆنا هەیە و هەر لەوێ دەمێنێتەوە، بەڵام دادوەر داواکەی قبوڵ نەکرد و دووپاتیکردەوە کە پێویستە کاتی سزاکەی لەنێو زینداندا بباتە سەر، بەو پێیەی ئەگەر ئەلڤێش بتوانێت بگەڕێتەوە بەرازیل، هەرگیز دادگای ئیسپانیا ناتوانێت دەستگیری بکاتەوە، لەبەرئەوەی هیچ رێککەوتنێک لەنێوان بەرازیل و ئیسپانیادا نییە بۆ ئەوەی تاوانبارەکان رادەستی یەکدی بکەنەوە.
 
ئەلڤێش لە دانیشتنی دوێنێ سێشەممەدا بە دەسەڵاتی دادوەری راگەیاند "باوەڕم بە دادپەروەری هەیە، تەنیا دەمەوێت بە کەفالەت ئازاد بکرێم و لە ئیسپانیا دەمێنمەوە، تا کۆتایی دۆسیەکە لەبەردەستی دادگادا دەبم".
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، داواکاریی گشتی دوێنێ ئەم داوایەی رەتکردەوە، بەو پێیەی پێیوایە ئەلڤێش دەتوانێت لە ئیسپانیا هەڵبێت، لە کاتێکدا پارێزەرەکەی، ئینیس گواردیۆلا، دژایەتی ئەمە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەلڤێش رەگ و ریشەی لە شاری بارسێلۆنادا هەیە، خاوەنی خانوویەکە لەوێ و چەندین ساڵ یاری بۆ یانەی بارسێلۆنا کردووە و رۆڵی هەبووە لە بردنەوەی چەندین نازناو بۆ یانەکە.
 
دواجار ئەمڕۆ دادگای بارسێلۆنا، بەرامبەر بە یەک ملیۆن یۆرۆ ئەلڤێشی بەدەستەبەر و بەشێوەی کاتی ئازاد کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە