كڤاراتسخێليا بۆ یەکەمجار لە چامپیۆنزلیگ دەردەکەوێت

11-02-2025
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ خڤیشا کڤاراتسخیلیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە پاشكۆی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ دەدات و پێشبینیکراوە خڤیشا کڤاراتسخێلیای یاریزانی نوێی یانەکە یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ یانەکە لە چامپیۆنزلیگ ئەنجام بدات.
 
ئەمشەو کاژێر 20:45 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی پاشکۆی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، یانەی برێستی فەڕەنسی، لەسەر یاریگای خۆی، میوانداری پاریس سانجێرمانی هاونیشتمانیی دەکات و هەردوو یانەش چاویان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە یارییەکەدا.
 
پێشبینیکراوە یارییەکە یەکەم دەرکەوتنی خڤیشا کڤاراتسخێلیای یاریزانی نوێی پاریس سانجێرمان بەخۆوە ببینێت، پاشئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا لە ناپۆلی ئیتاڵییەوە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە کرد.
 
کڤارا لە دوایین سێ یاریی سانجێرمان بەشدارییکردووە و خاوەنی گۆڵێک و ئەسیستێکە، میدیای فەرەنسا پێشبینیدەکەن ئەمشەو ئەو یاریزانە یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی سانجێرمانەوە لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە ئەنجام بدات و سەرەکی بێت.
 
بەپێی پێشبینی میدیای فەرەنسا، کڤارا لە باڵی چەپی هێرشبەریی سانجێرمان دەبێت و برادلی بارکۆلا لە باڵی راست دەبێت و عوسمان دێمبلیش، هێرشبەری سەرەڕمی یانە پاریسییەکە دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە