بەتۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک دانی ئەلڤێش دەستگیرکرا

20-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دانی ئەلڤێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دانی ئەلڤێش، بەرگریکاری بەنێوبانگی بەرازیلی و پێشووی یانەی بارسێلۆنا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئیسپانیا دەستگیرکرا.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت " یاریزانە بەرازیلییەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئیسپانیاوە راگیراوە، تاوەکو دادگاییەکەی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی کە تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە لە 30-12-2022 لە یەکێک لە یانە شەوانەکاندا دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر ژنێک.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دانی ئەلڤێش دانی بەوەداناوە کە ئەو شەوە لەو یانەیە شەوانەیە بووە کە ناوی هێنراوە، بەڵام هیچ بەریەککەوتنی لەگەڵ ژنەکە نەبووە کە سکاڵای لە دژی دانی تۆمارکردووە.
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی سپۆرت، دانی ئەلڤێش لەو کاتەدا کە لەنێو ئۆتۆمبێلی پۆلیسدا بووە گاڵتەی بە رۆژنامەڤانان کردووە و وای دەرخستووە کە ئەو بێ تاوانە.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە دەڵێت، بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە بۆ سەر ئەو ژنە، بارودۆخی تەندروستیی تێکچووە، بەڵام کارمەندانی یانە شەوانەکە چارەسەرییان بۆ کردووە، بەر لەوەی بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن ببرێتە نەخۆشخانە، دوای ئەوەش لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەو ژنە سکاڵای لە دژی یاریزانە بەرازیلییەکە تۆمارکردووە.
 
دانی ئەلڤێش لەلای پۆلیسی کەتەلۆنیاوە دەستگیرکراوە، بەڵام یاریزانەکە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دووپاتیدەکاتەوە کە هیچ بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەو خانمە نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە