ڤیدیۆ؛ بایرن میونشن گەیشتە فایناڵ و سنوورێکی بۆ سەرکێشییەکانی لیۆن دانا

19-08-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتال 

یانەی بایرن میونشن گەیشتە فایناڵی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، دوای ئەوەی سنوورێکی بۆ سەرکێشی و ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکانی یانەی لیۆنی فەرەنسی دانا و یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە.

یارییەکە زۆر بەهێز لەلایەن نوێنەرەکەی فەرەنساوە دەستیپێکرد، چەند هێرشێکی مەترسیداریان بردە سەر گۆڵەکەی مانوێل نۆیەر، بەڵام ستوون و پشیلەکەی باڤاریا رێگربوون لەبەردەم تۆمارکردنی گۆڵ.

لەدوای 10 خولەکی یەکەمەوە و شۆککردنی بایرن بە هێرشی چڕ، ئیدی یارییەکە گەڕایەوە دۆخی ئاسایی و باڵادەستی ئێف سی هۆڵیوود دەستیپێکردەوە، مەترسییەکانیان بۆ سەر گۆڵی لۆپێز دەرکەوتن، ئەوەبوو لە خولەکی 33  سێرج نابری کاری خۆیکرد و گۆڵێکی زۆر جوانی بە لێدانێک لەدەرەوەی هێڵی ناوچەی سزاوە تۆمارکرد.

هەر لەم گێمەدا و هەمان یاریزانە، واتا نابری گۆڵی دووەمی خۆی و باڤارییەکانی هێنا، دوای ئەوەی لیڤاندۆڤسکی نەیتوانی هەلێكی ئاسان بکات بە گۆڵدا و نیوەی یەکەم لە سوودی بایرن 2-0 کۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا یانەی بایرن میونشن وەک گێمی یەکەم کۆنترۆڵی یارییەکەی کردبوو، لیۆنیش بە ئەنجامدانی دوو گۆڕانکاری توانیان خۆیان لە پەستانی بایرن رزگاربکەن و دوو هەلی مەترسیداری دیکەیان دروستکرد، بەڵام وەک هەمیشە نۆیەر و نەبوونی تەرکیز لەلایەن یاریزانە رەشپۆشەکانەوە بووە هۆکاری پاراستی گۆڵی باڤارییەکان، گۆڵی سێیەمی بایرن میونشن لە خولەکی 88 تۆمارکرا، دوای ئەوەی لیڤاندۆڤسکی بە ئۆڤەرێكی کیمیچ و بە لێدانی سەر گۆڵی سێیەمی بایرنی هێنا و یارییەکەیان 3-0 بردەوە.

لیڤاندۆڤسکی نۆ یارییە لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ گۆڵدەکات، ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 15 گۆڵ لەم وەرزەی خولەکدا و لیۆنێل مێسی تێپەڕاند کە لە وەرزێکدا 15  گۆڵی کردبوو، ئێستا تەنیا دوو گۆڵی دیکەی ماوە بۆ ئەوەی ژمارەی پێوانەیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکسانبکاتەوە بە  17  گۆڵ.

بایرن میونشن بۆ جاری یانزەیەم لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان و پێشتر پێنچ جار نازناوەکەی بردووە، لە یاریی کۆتاییشدا رووبەڕووی یانەی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە لە رۆژی 23/8.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە