دۆخی ئەلڤێش لە بەندیخانەدا زۆر مەترسیدارە

19-02-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن دانی ئەلڤێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە دانی ئەلڤێش، یاریزانی پێشووی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە دۆخێکی زۆر خراپی تەندروستیدا دەژی، ترس لەوە هەیە ئەو ئەستێرەیە بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.
 
ئەلڤێش ماوەیەکی زۆرە لە بەندیخانەدایە، بەتۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر کچێک لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی شاری بارسێلۆنا.
 
دادگای ئیسپانیا دوا دانیشتنی خۆی لەبارەی دۆسێیەکەی یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل لە نێوان 5 تاوەکو 7ی ئەم مانگەدا ئەنجامدا. ئەلڤێش رووبەڕووی سزای بەندکردن بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەلایەن داواکاری گشتی و 12 ساڵ لەسەر سکاڵای کچەکە سکاڵاکەرەکە دەبێتەوە.
 
سەرچاوە میدیاییەکان گوتوویانە، "دوای شایەتیدانی 30 کەس لە دژی ئەلڤێش، داواکاری گشتی و داواکاری تایبەتی ئیسپانیا، ئازادکردنی مەرجداری ئەلڤێشیان رەتکردووەتەوە و پێشبینیکراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا، بڕیاری کۆتایی دادگا لەبارەی دۆسێیەکەوە دەربچێت".
 
میدیاکان لەزاری هاوبەندییەکانی ئەلڤێشیان گواستووەتەوە کە ئەو یاریزانە، لە دۆخێکی خراپی دەروونیدا دەژی، کارگێڕیی بەندیخانەکە رێوشوێنەکانی چاودێریکردن و مانەوەی ئەویان تووندتر کردووە و ئەوەش سەریکێشاوە بۆ ئەوەی ئەلڤێش دووچاری خەمۆکی ببێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، کارگێڕیی بەندیخانەکە، پرۆتۆکۆلی فریاگوزارییان لە بەرامبەر ئەلڤێشدا کاراکردووە، لەترسی ئەوەی بیر لە خۆکوشتن یان هەوڵدان بۆ خۆکوشتن بکاتەوە، هەر بۆیە ئەو یاریزانە بەردەوام لە ژێر چاودێریی پاسەواناندایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە