ئاڵای کوردستان و ئاڵای عێراق لە یاریگەی فرانسۆ هەریری قەدەخەیە

19-02-2022
محەممەد کارێزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە بۆ یارییەکەی سبەینێ بەرامبەر بە یانەی شورتە، هیچ ئاڵایەکی کوردستان و عێراق رێگەی پێنادرێت بهێندرێتە ژوورەوە.
 
دوای ئەوەی لەگەڵ دەستەی هاندەرانی یانەکە کۆبوونەوە، باسیان لە ئامادەکاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەیژەکانی یاریگای فڕانسۆ هەریری لە یاری هەولێر و شورتە کرد، هەروەها ئەوەش خرایەڕوو کە نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەوەی لە یارییەکەی رابردووی نێوان شورتە هەولێر روویدا، دووبارە ببێتەوە.
 
یانەی هەولێر دەستەیەکی نوێی هاندەرانی دروستکردووە، ئەندامانی دەستەی کارگێری یانەکە لە چەند رۆژی رابردوودا بە وردی لەگەڵ ئەم دەستەیە گفتوگۆیان بۆ هێمنی یاریگە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکە کردووە.
 
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "لەو دانیشتەمان لەگەڵ هاندەرانمان رێنمایی هاندانێکی سەردەمیانەمان پێدان، هەروەها دەستەکە بەسەر هەموو لایەکی یاریگە دابەشدەکەین بۆ ئەوەی رۆڵیان هەبێت لە هێور راگرتنی کەشی یارییەکە، هەروەها دووربن لە قسەی نەشیاو بەرامبەر تیپی بەرامبەر".
 
لە یاری یانەی هەولێر و یانەی شورتە لە جامی عێراق کە بەسەرکەوتنی یانەی هەولێر تەواوبوو، دوای تەواوبوونی یارییەکە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو بەشێوەیەک کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، هەر بۆیە بۆ ئەم یارییە یانەی هەولێر دەیەوێت بەشێوەیەکی تەواو کۆنتڕۆڵی هەموو لایەکی یاریگەکەی بکات بەهاوکاری هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ پۆلیس.
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی ئاماژەی بەوەشکرد "هێزە ئەمنیەکان هاوکارمانن و سبەی بەشێوەیەکی زۆر باش لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە ئامادەدەبن، ئێمە رێزی هەردوو ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرین و ئاڵاکان لە شوێنی تایبەت و فەرمی لەنێو یاریگە بەرز دەکەینەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئاڵۆزی و کاری ناشیاو دووبارە نەبنەوە ناهێڵین هاندەران ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ خۆیان بهێننە ژوورەوە".
 
بڕیارە سبەی یەکشەممە کاژێر کاژێر 18:00 لە خولی عێراق یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداری یانەی شورتە بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە